خەمڵیوە لەسەر قەبری جەوانان گوڵ و لالە

حەسەبی حاڵ دەگەڵ وەتەن
لە کتێبی:
بەرهەمەکانی مستەفا شەوقی
بەرهەمی:
مستەفا شەوقی (1865-1932)
 1 خولەک  1124 بینین
خەمڵیوە لەسەر قەبری جەوانان گوڵ و لالە
یا سووریی خوێنە کە بڵێی ڕەنگەکەی ئاڵە
پێش تابشی خورشیدی فەلەک وەختی بەهاران
وەک چاوی لە فرمێسکی منە قەترەیی ژاڵە
ئەی بادی سەبا هەستە گوزەر کە بە وەتەندا
پەخشان بکە سەر ئەرزی وەتەن بۆنی گوڵاڵە
با بێت و بە تەئسیری فسوونی نەفەسی تۆ
وەک خونچە بپشکوێ دەمی ئەو کوردە کە لاڵە
با بێت و سبەینان ئەلەم و دەردی شەوی هیجر
بێژێ کە لەوەی پاش خەوی مە، مەحزی وەباڵە
قەهری فەلەک و جەوری ڕەقیب و ستەمی دۆست
سەر ناسیەیی پڕ شکەنی کرد بە قەباڵە
چارەت نییە ئەوڕۆکە ئەتۆ دەستەشکاوی
بەدمەستییی مەی بوو کە شکا جام و پیاڵە
شەوقیناسناوی ئەدەبی وەرە لەو غوربەتە مایل بە وەتەن بە
بێ خاکی وەتەن، عیززەتی تۆ مەحزی خەیاڵە
بەو کاکۆڵی ڕەش ڕەنگە، کە وا بۆزی فیراقە
با، ڕام بێ لەبۆت فەزڵ و هونەر چونکە حەڵالە