شەوی هیجرانە دیارە ڕۆژ لە من نابێتەوە ئەمشەو
لە کتێبی:
دیوانی مینە جاف
بەرهەمی:
مینە جاف (1911-1965)
1 خولەک
521 بینین
شەوی هیجرانە دیارە ڕۆژ لە من نابێتەوە ئەمشەو
یەکایەک زامەکانی دڵ بە خوێن ئەکوڵێتەوە ئەمشەو
دەمێکە بێ خەمم یاران تەماشای شوومی بەختم کەن
لە کوێوە ئەی فەڵەک توخوا منت بیرکەوتەوە ئەمشەو
خەوم لا شوومە ئارامم نەماوە تاقەتم تاقە
ئیلاهی بۆ منی بەدبەخت دەلیلێ بێتەوە ئەمشەو
شەوێکە تاڵ و تاریک و پڕ ئەندێشە و خەم و ئێشە
خوایا سا بە لوتفی خۆت بڵێ ڕۆژ بێتەوە ئەمشەو
ئەوەندە خار و خاشاکی خەم و ئێش و خەفەت لامە
بەڕاسی ئاگری جەرگم ئیتر ناکوژێتەوە ئەمشەو
لە هەوری ڕەحمەت و لوتفت ببارێنی خوا تاوێ
بەسەر کوورەی دەروونمدا کە ساردی کاتەوە ئەشمەو