غایب لە دیدە چاوی سەرم دڵمە پێتەوە
لە کتێبی:
دیوانی مەحوی
بەرهەمی:
مەحوی (1836-1906)
1 خولەک
4261 بینین
غایب لە دیدە، چاوی سەرم، دڵمە پێتەوە!
دەستم بە ئاسمانەوە، چاوم بە ڕێتەوە
جان سەختە، یا لە دەعوەیی عیشقا درۆزنە
ئەو زیندە ماوە تا لە سەفەر یاری دێتەوە!
جانانە ڕۆی و جان و دڵم هەردوو دوو بە دوویی
یا ڕەببی چی بکەم بە نیساری کە بێتەوە!
ڕۆشن کە چاوی مونتەزیرانت بە گەردی ڕێت
تۆ دێی و نووری دیدەیی من دێ بە پێتەوە
خۆم و خوێنمت لە فکر چوو، دوعا دەکەم
ڕەنگی خوێنی من کە لە دەستت نەچێتەوە
لەحزێکی من لە سەومەعەدا دیبوو، ئەمری دا:
ئەو هەرزە گەردە لەم دەرە دەرکەن، نەیێتەوە
ئینسافی دا کە دی تەبی عیشقم لە شیددەتا
حەقیە وتی: بەم ئاگرە گەر بشتوێتەوە
وەک شەو کشا بە سەر مەهی ڕوخساریا خەتی
گیرا ئەم ئافتابە کە قەت بەر نەبێتەوە
مەحویناسناوی ئەدەبی بە یادی تۆوەیە شوغڵی کە ڕۆیوی
غایب لە دیدە بوو! بە خودا دڵمە پێتەوە