عەجیبم دێ لە عەقڵی ئەو کەسە وا تێ دەگا مەردە

لە کتێبی:
دیوانی مەحوی
بەرهەمی:
مەحوی (1836-1906)
 2 خولەک  3330 بینین
عەجیبم دێ لە عەقڵی ئەو کەسە وا تێ دەگا مەردە
کە چی وەک خان و خانم دائیما دڵخۆش و بێ دەردە
بە پیری مەرگەوە فرسەخ بە فرسەخ ڕۆیون مەردان
ئەوی باکی لە مردن بێ دیارە بڵح و نامەردە
لە بەر قاپی مەحەببەت ئەو خودا پێ داوەیە ڕووسوور
حەزینە، دیدە پڕەسرینە، دڵ خوێنینە، ڕوو زەردە
لە ئەحبابی قەدیمی بەزمی ئولفەت ماوەتن دو تەن
یەکێ پەروانە هەمدەردە، یەکێ بولبول کە هەم فەردە
برالە! ئەم هەموو ئۆباڵە بێ بەو گەردنە حەیفە
بنیشێ بەم حەدە ئەم گەردە لەو مینایی بێ گەردە
لە دەورمدا حەسار: ئافەت، لە سەر سەر خەیمە: دوودی ئاهـ
لە سایەی عیشقەوە بوومە شەهی ساحیب سەراپەردە
چلۆن ئەو دێتە چاوی من کە یەکسەر عونسوری ئاوە
مەحاڵە من کە بچمە دڵیەوە، دڵ کیشوەری بەردە
تەپ و تۆزی غوباری دیم و ڕێگەی گۆڕی و دەیوت:
دەترسم دامەنم ئاخر ببێ ئالوودە بەم گەردە
دەبینم ئەهلی دڵ یا سەنگەسارە، یا لە سەر دارە
دیاری عیشق، ئەگەر ساغت دەوێ، هەر دارە هەر بەردە
لە باغی سێو و بەیدا باسی ڕوخسار و چەنەی کەی بوو
خەجڵ ما سێو و بەی ترسا کە وا ئەو سوورە ئەم زەردە
ئەگەرچی من گەدام، ئەو شا، لە عورفی عیشقدا مەحویناسناوی ئەدەبی
بەسە نیسبەت لە بەینا، من سیا بەخت، ئەو سیاچەردە