زەمین ئارایشی خۆیدا هەوا کەوتۆتە فەڕڕاشی
لە کتێبی:
دیوانی حەمدی
بەرهەمی:
حەمدی (1876-1936)
1 خولەک
499 بینین
زەمین ئارایشی خۆیدا هەوا کەوتۆتە فەڕڕاشی
بە غونچەی تازە پشکووتوو دەکا عالەم گوڵاو پاشی
هجوومی کرد بە ئاڵای سەوزە نێرگس میرەڵایانە
بە تابووری گوڵی کرد لالە هێرش میسلی بیگباشی
لەسەردا پرچەکانی شۆڕەبی کەوتۆتە داوێنی
لە تەهلیلەی بەهارا بۆتە دەروێشانی بەکتاشی
هەموو دەستێ چڵی کاسەی کەلێکی پڕ لە شەونم کرد
کە وەک ڕۆژ یار هەڵات بیکەن بەیەک دەفعە بە شاباشی
ئەمەندە لووتی بەرزە سەروی سەرکەش هەر دەڵێی یارە
بەغەیری سێبەری قابیل نییە کەس بێتە ویڵداشی
بە شیرین و لەتیفی بۆتە شاخی بێستوون گۆیژە
میسالی کۆهکەن شیرینی ئەرمەن بۆتە سەنگتاشی
بەسواری چڵ بەتوندی گوڵ کە هات زانیم کە تێدەگلێ
لە باغی عالەما جەولان دەبێ بکرێ بەهێواشی
ئەگەر ئەم باغە ئەهلی باغەبانی بێ بەهەشتێکە
دەبێتە دۆزەخێ وەختێ نیزامی کەوتە دەس ناشی
لە لانەی بولبولانا کوندەبوو بۆ شاخی لێدەڕوێ
لە پەروازی شەهێنا بێ کە داڵاش کەوتووە لاشی
لە تەبعی ئەهلی دڵدایە بەهاری بێ خەزان حەمدیناسناوی ئەدەبی
گوڵستانێکی ڕەنگینی لە نووکی یەک قەڵەم تاشی