من بە مەجنوون دامەنێ مەحزەن کەلامی تەفرەقەم

لە کتێبی:
دیوانی حەمدی
بەرهەمی:
حەمدی (1876-1936)
 1 خولەک  510 بینین
من بە مەجنوون دامەنێ مەحزەن کەلامی تەفرەقەم
وامەزانە هەر مناڵانە خەریکی شەق شەقەم
چونکە گاهێ هەروەکوو دێوانە کێوانە جێگام
وەک چەقەڵ گاهێ لە چەمدا هەمدەمی بۆق و ڕەقەم
گەهـ دەگێڕم ئاشی میحنەت هەر بە لافاوی خەیاڵ
نەی گروو بەردە دڵ و بەستەجگەر دەم چەق چەقەم
نەفسی کافر مانیعی مەجرایی ئاوی جۆگەیە
بۆ بناوانە خەریکی بەستنی ئەو ئەحمەقەم
گەهـ زەوی قووتم ئەدات و گەهـ فەلەک جەزبم ئەکا
ئەم بە تێهەڵدانی شەق ئەویان بە هێزی پێلەقەم
سا خودا جا وەختی ڕەحمە بمخەرە سەر ڕێی نەجات
چونکە بەرد و خاکی ڕێگەی ئەو شەفیعی موتڵەقەم
هەر وەکوو کوێری سەراسیما کە ڕێگا گوم بکا
وێڵ و سەرگەردانە حەمدیناسناوی ئەدەبی گوێ قوڵاغی یەک تەقەم