هەر لەگەڵ ئەم کائیناتە هاتووە دنیا بە بووک

لە کتێبی:
دیوانی حەمدی
بەرهەمی:
حەمدی (1876-1936)
 1 خولەک  571 بینین
هەر لەگەڵ ئەم کائیناتە هاتووە دنیا بە بووک
مێردی هێشتا دەس نەکەوتووە چەند گەڕا گەورە و بچووک
تاڵیبی دنیا نەبی تۆ ئەو بە تۆ تاڵیب دەبی
موشتەری نابێ لە بازاڕا مەتاعی وا چرووک
تێنەگەیون خەڵقی دنیا وا بە ڕاستە و چەپەدا
گاڵتە بەم خەڵقە دەکا کردوونییە دار و هەلووک
ماڵی پڕ ڕازیانە بێ بمرێ بە ژانە سک دەبێ
دین هەبوو تا شێخ و واعیز بوونە تابوور و بلووک
مالیکی ئیقلیمی حوسنی ئەی سەنەم دەرکە ڕەقیب
هەر دەشێوێ میللەتێ گەر گوێ لە بەدگۆ کا ملووک
دەستی وا هێنا بە ڕیشا مامە سۆفی قەسدییە
جەننەتێ ماوە وەکوو دنیا ئەویش پڕ کا لە تووک
دامەنی پیری موغان ڕەنگە کە بگرێ بەر نەدا
حەمدیناسناوی ئەدەبی زاهید گەر بکا شامی خەراباتی سلووک