کەس نەبووە نیشە هیچ کەسی کە بێ لەلا بە کەس

لە کتێبی:
دیوانی حەمدی
بەرهەمی:
حەمدی (1876-1936)
 1 خولەک  1444 بینین
کەس نەبووە نیشە هیچ کەسی کە بێ لەلا بە کەس
نا کەس هەیە کە ناکەسی وەک خۆی بکا بە کەس
نیمە لە کەس لە خۆم و لە نەفسم نەبێ گلە
ڕیسوایییە دەخیلە مەبن تابیعی هەوەس
دڵ وەحشییە چڵۆنی دەکەی ئەی سەنەم کەوی
نەمدیوە قەت لە ماڵی کەسا کەو بەبێ قەفەس
بێ هیممەتن ئەوانە کە بێ ماڵن و دەچن
بۆ خوانی ئەغنیا کە دەریان کەن وەکوو مەگەس
مەردی نییە بە مەزهەبی من ئەو کەسە بە تیغ
بیئەنجنن لە خەسمی تەمەننا بکا کە بەس
وەک ئینتیحارە سایەیی بێ عەقڵی گەورە چوون
کەنداوە هەر لە خۆیەوە بێ شک ئەکا هەرەس
پێشەنگی قافڵە کە کەر بوو، مەتاعی دیارییە
بۆ جەردەیە زەڕاندی کە ناوەخت وەکوو جەرەس
مەجنوون سیفەت لە مەملەکەتا حەمدیناسناوی ئەدەبی دەر بکەن
ئاگردەنێ بە خانووەوە گەر بدا نەفەس