چارە دەرهێنانی ڕیشەی ڕۆحییە مەردی نەساز

لە کتێبی:
دیوانی حەمدی
بەرهەمی:
حەمدی (1876-1936)
 1 خولەک  571 بینین
چارە دەرهێنانی ڕیشەی ڕۆحییە مەردی نەساز
تێکدەدا قانوونی عوشرەت ئەو تەلەی دەرچێ لە ساز
تەیر ئەگەر نیت کێو دەبێ داوێنی بگری و سەرکەوی
گەر حەقیقەت ئارەزووتە بگرە داوێنی مەجاز
بێشەیی عەشقە مەقامی شێر کۆیی دلبەران
ئەم ڕەقیبە دەرکە جێگەی هەر قوڕ و ئاوە بەراز
من وەکوو فیردەوسی ناکەم جەوهەری شاهم بەیان
شەرحی حاڵی ئەو دەکا یەک قەترە بێ خوێنی ئەیاز
تێ دەگەن پەروانە بۆ چی خۆی دەسووتێنێ بە شەمع
تا نەڵێن نامەحرەمە عاشق ئەکا ئەفشایی ڕاز
خۆشە شۆخی گەر بە جارێ بمکوژێ و ببڕێتەوە
ڕۆژی تیرێک و بە عومری کوشتنە کوشتن بەناز
شێخ و عەدل و حاکم و کەشف و حەکیم و مەرحەمەت
نەبووە نابێ بوونی خەربی قاعیدە ناکا بە شاز
گەر گوناهێ سۆفی دەیکا نەقڵی بۆ خەڵقی بکا
بۆ ڕیایی چا نییە بیکا لە مەجمەعدا نەماز
بەختیارێ پێکەنی پێم، پێکەنیم پێی و وتم
هەر نەشیبە هەڵدەکا دامەن بە ڕەهڕە و بۆ فیراز
حەیفە تۆ دەستی تەڵەب حەمدیناسناوی ئەدەبی بەری بۆ حاتەمیش
بارەگاهی بێ نیازە مەرجەعت بەیتی نیاز