دڵی هەڵناگرێ دنیا لە حوببی دلبەرێ زیاتر

لە کتێبی:
دیوانی حەمدی
بەرهەمی:
حەمدی (1876-1936)
 2 خولەک  486 بینین
دڵی هەڵناگرێ دنیا لە حوببی دلبەرێ زیاتر
گڕ ئەگرێ گەر فەلەک بیبێ لە میهری ئەنوەرێ زیاتر
مەدە دەس چاوی مەستت خەنجەری بوڕانی وەک ئەبرۆ
موژەت کاریگەرە بۆ دڵ لە نووکی خەنجەرێ زیاتر
بە دوو چاو قەت دڵی نایە فەلەک سەیری جەماڵی کا
بە ڕۆژا قەت بزانە هەڵدەهێنێ ئەختەرێ زیاتر
لە چاوی بەد خودا حیفزی بکا ئەو چاوە مەخموورە
لە بەزمی عالەما گەرچی دەبێ شۆر و شەڕێ زیاتر
سەرەفرازە ڕەقیب پێی نا بە سەریا قوڕ بەسەردا کەم
بڵێم چی تاج بەخشی من نەبەخشێ ئەفسەرێ زیاتر
چ بۆ خەلع و چ خەلعەت هەر یەکێکە گوفتەی ئەو شۆخە
سەدەف بێ قەدرە گەر بگرێ لە تەنها گەوهەرێ زیاتر
سەری خۆی نایەشێنێ مەردی عاقڵ فەزڵەیە بۆ سەر
لە سەودایێکی عەشق و یەک کوڵاهـ و بوستەرێ زیاتر
بە یەک جیلوە حیسابی موددەتولعومری لەگەڵ کردم
وتی نەدرا بە دنیایێ لە سوبحی مەحشەرێ زیاتر
ئەگەر واعیز لە ساقی سادە بادە دەفعەیێ بگرێ
دەکا تەعریفی مەی باقڵ لە ئاوی کەوسەرێ زیاتر
چ عالی هیممەتە وێرانەیی کردۆتە مەسکەن بۆم
لە ژێر سایەی کەسانا بێ و نەبێتە قەیسەرێ زیاتر
خەلیلی عەشقە حەمدیناسناوی ئەدەبی موستەعیدی سووتنە نەمروود
چرا نەیویستووە ئەمما لە شوعلەی ئەختەرێ زیاتر