هیچ کەسێ ناوی شکەنجەی پەرچەمی دلبەر نەبات

لە کتێبی:
دیوانی حەمدی
بەرهەمی:
حەمدی (1876-1936)
 1 خولەک  655 بینین
هیچ کەسێ ناوی شکەنجەی پەرچەمی دلبەر نەبات
با حەیای مەجمەر نەچێت و ئابڕووی عەنبەر نەبات
خەنجەری ئەبرۆ دەبوو نەدرایەتە دەست چاوی مەست
کەوتە خوێن ڕشتن خودا ڕەحمێ بکات و سەر نەبات
لەم خەراباتە چ مەردێ غەیری ڕەندی بادەکەش
بوو لە مەیدانا کە سڕڕی دەر ببا سەر دەر نەبات
دامەنی هەڵکردووە بەو بەر دەرە ڕازی نییە
ئەم ڕەقیبە زۆر نەفامە هەڵمەتی پشدەر نەبات
بگرە زوو خوێنی ڕەگی سەودایی عاشق ئەی موژە
با بەشێتی سڕڕی ئولفەت بەردەمی نەشتەر نەبات
بەرگی تاقەی شینی سورمەی کردە بەر ڕەنگە فەلەک
ڕوو بپۆشێ حورمەتی خۆیی و مەهـ و ئەختەر نەبات
حوکمداری کیشوەری سەبرە گەدایی کۆیی یار
پێی بڵێن حەسرەت بە جاهی شاهی حەفت کیشوەر نەبات
عاشقی هیممەت بڵندە وەختی کوشتن ئەو کەسە
دامەنی جەللادی نەگرێ و دەستی بەر خەنجەر نەبات