خەڵوەتە مەجلیس زەمانی شەوقە سا لادە نیقاب
لە کتێبی:
دیوانی حەمدی
بەرهەمی:
حەمدی (1876-1936)
1 خولەک
699 بینین
خەڵوەتە مەجلیس زەمانی شەوقە سا لادە نیقاب
حەیفە توخوا با لە ژێر هەورا نەمینێ ئافتاب
دادەگیرسێ کوڵمی وەک ئاگر بە نووری ئابی مەی
قوڕ بەسەر من ناعیلاجم چۆن نەسووتێم وەک کەباب
مەستی نەشئەی حوسنە ترس و پرسی هەرگیز بۆ نییە
موتمەئیننە وەک سوئالی لێ نەکەن ڕۆژی حیساب
زەحمەتی داوم جەهەننەم گەردنی ئازا دەکەم
تا نەبینێ ڕۆحەکەم ڕۆژی جەزا ئێشی عەزاب
من بەبێ تۆ وەک شەوی هیجرانە ڕۆژی جەژنەکەم
با لە باخەڵما بنیشێ شەمس و هەڵبێ ماهتاب
ئاخری شامی فیراقت ئەووەلی عومری منە
هەر شەوە هێشتا بەسەر چوو وا هەموو عومری شەباب
تەپڵی سەر دەنگی نەماوە سینە هەر وەک دەف دڕا
زلفەکانت کەوتە چنگم دەیکەمە عوود و ڕوباب
قەت لە ئولفەت مەنعی حەمدیناسناوی ئەدەبی ناسیحی عاقڵ دەکا
ئەم تەریقە پڕ لە مەللایە و لە سۆفی و شێخ و شاب