زەمان ئەمڕۆ خولیدا چەرخی خستە دائیرەی میحوەر
بۆ کۆمەڵەی زانستی کوردان
لە کتێبی:
دیوانی حەمدی
بەرهەمی:
حەمدی (1876-1936)
4 خولەک
664 بینین
زەمان ئەمڕۆ خولیدا چەرخی خستە دائیرەی میحوەر
زەمان ئەمڕۆ هومایی دەوڵەتی هەڵداوە بۆ سێبەر
زمان ئەمڕۆ هەڵیهێنا لە ئەوجی بورجی ئیحسانا
حەقی ئەقوامی شەرقییە یەکێ وەک مەهـ یەکێ وەک خۆر
زەمان ئەمڕۆ نەجاتی دا لە دەستی گورگی زاڵم مەڕ
زەمان ئەمڕۆ جوابی دا بە حەشری مەسئەلەی مونکەر
زەمان ئەمڕۆ لە خانەی شەشدەرا ئیقبالی دەرهێنا
بە میفتاحی مرووەت فەتحی کرد بابی فەرەح یەکسەر
زەمان ئەمڕۆ بە زنجیری عەدالەت بەستی دەستی زوڵم
لە کۆتیداوە کردوویە لە زیندانی جیهان شەشدەر
زەمان ئەمڕۆ حەیاتی وەک مەسیحا کرد بە بەرمانا
ئەمەل ئەمڕۆ دەمی پشکووت بە تەسبیحاتی دانەی بەر
زەمان ئەمڕۆ لە ناو ئەمواجی دەریایی فەلاکەتدا
دەری خست گۆشەیێکی کوردی بێ ڕەونەق وەکوو جەوهەر
چ کوردێ خوا موسەببیبیان لە قەعری بەحری قەهریدا
بکا غەرقی کە تا ڕۆژی قیامەت دەرنەهێنێ سەر
بە نەقد و جنسەوە قاروون سیفەت بڕوات و هەر گوم بێ
وە یاخود هەر بسووتێ تا دەبێتە دانەیی ئەخگەر
چ کوردێ بێ نەوایی ساحبی ئالامی فەقروددەم
نەماوە قەترەیێ خوێنی ئەگەر بدرێتە بەر خەنجەر
چ کوردێ لەم سەحیفەی ئەرزەدا خوێنی شەهیدانی
دەکەن تەشریحی حاڵەتیان بەخەتتی وازحی ئەحمەر
چ کوردێ کوللی فەردێکی بە تەمکین و بە چاڵاکی
دەدەن حیرەت بە کێو و خەم بە قەددی ڕاستی ئەژدەر
حیسابی زۆر و کەم نابێ لە ئەرزی کورد و کورد بکرێ
بڕشتی گەر ببێ دەبڕێ هەزاران ڕەگ یەکی نەشتەر
لەگەڵ ئەم ویسعەتی ئەرزە تەماشای کەنزی سابیت کەن
کە بەردی پڕ لە ئەڵماسە کە خاکی مایەیی گەوهەر
هەموو شاخێکی باغێکە لەسەر هەر ئەرزی ئاوێکە
جینان هەروایە تێ فکرە ئەوە باغ و ئەوە کەوسەر
لە وان و ئورمییە تاکوو دەگاتە خاکی لوڕستان
لە بتلیس و دیاربەکر و جەزیرە تا خەتی سنجەر
ئەمە شەرقی شیمال غەربی جنووبی ساحەیی کوردە
کە ئەم ئەرزە بە تۆزێکی دەڕێژێ دیدەیی قەیسەر
براگەل بێنەوە کوڕگەل دە هەڵسن کۆمەڵێ بگرن
تەغافول بەسیە هەڵبگرن سەری غیرەت لەسەر بوستەر
بە دەستی دڵ بپێچن دامەنی لوتفی ڕیجالانی
حکوومەت تا لەسەر ڕێگەی تەعالیدا ببن ڕەهبەر
زەمین بەرگی خەزانی داڕنی ئەم ئاڵ و واڵایە
بەهاری کردە بەر بۆتە گوڵەندامێکی وەک کیشمەر
نیهالان ڕوو پەڕەی ئەوراقی کۆنەی جوملە وەرگێڕا
دەری خست سەفحەیی تازە حیسابی پڕ ئەکا دەفتەر
نەسیمی سوبحدەم خۆش موژدە بێ موژدەی کە بۆ هێنا
سەری شین و قوڕاوی ششت و مەیلی شادییە کیشوەر
وەکووحەمدیناسناوی ئەدەبی دەخوێنن بولبولانی ئەم گوڵستانە
چەمەن ئارایشی داوە گوڵاڵەی خستە تووی مێزەر
ئەمە بۆ دەرسی عیبرەت کافییە ئێوە و خوا بەخوا
نەخوێنن دێری کۆنە سەتری تازە دەرئەخا مەستەر
بە ڕێگەی ئیختیلافا هەر کەسێ چوو بێ سەر و شوێنە
لە وادی ئیتتیفاقا یارە دەوڵەت ڕاحەتە یاوەر
بە ناوی قەومەوە جەمعییەتی عیلمییەتان تەبریک
ئەکەم لە خوا تەمەننایی تەشەببووستان ببێ موسمەر
ئەوە ئێوە و ئەوە کورد و ئەوە ئەسبابی میللییەت
لە تەعنەی خۆ بپارێزن بکەن ئەختاری مایەختەر
لە ئێوە کتلەیی میسری لە پێشا بۆ چی زیاتر بوون
کە دەریان خست لە زوڵماتا شوعاعی جامیعولئەزهەر
لە شاران بۆ چی کەمتر بێ سولەیمانی سولەیمانی
کە بەلقیسی نەبوو نەیخا لە عەکسی بەرقی شێری نەڕ
موسەببیب حازرە ئامادەیە ئەسبابی عولوییەت
تەشەببوس گەر ببێ ئاسن دەگاتە خاسەیی شەهپەڕ
سپاردم وا بە ئێوە حەقم و ئێوەیشم سپارد بە خوا
ئەمانەت گەورەیە حیفزی دەکا هەم بەندە هەم داوەر
ئەما پێویستییە ئەم میللەتە عیرفان و ئەمنییەت
ئەمە بۆ سەڵتەنەت تەختە ئەوە بۆ مەفخەرەت ئەفسەر
بپێچن دامەنی ئەمن و بکێشن یەخخەیی عیرفان
کە لەم ڕوو پەردە دایە شاهیدی مەقسوودی کول موزمەر
بە غەیری خزمەتی دین و وەتەن ئەسبابی چی تر بوو
کە شوهرەتیان هەیە ئەسحاب و ئال و پیر و پێغەمبەر
دە ئێوەش وا بە جیددی تێ بکۆشن تا وەتەن ئێوەش
لە بابی ئیفتیخارا دابنێ هەریەک، بەیەک مەسدەر