وەک هەوا کەوتوومە گێژی گونبەدی ئەفلاکەوە

جەنگی دەربەندی بازیان
لە کتێبی:
دیوانی حەمدی
بەرهەمی:
حەمدی (1876-1936)
 2 خولەک  584 بینین
وەک هەوا کەوتوومە گێژی گونبەدی ئەفلاکەوە
ڕەببی بیبینم وەکوو کیسرا بە سینەی چاکەوە
بۆ کەسێ تا سەر وەفاداری نەبوو بێ مروەتە
سەیری ئەسکەندەر دەکەن ڕۆیی بە مشتێ خاکەوە
چاکە دایم هەر لە پێناوی خراپا ڕۆییوە
گەوهەری دەریا بە دایم وا لەژێر خاشاکەوە
هەر شکستی ئەهلی مەعنای مەتڵەبە دەورانی پیر
ڕەش دەخاتە سەر سپی پیسی ئەکاتە پاکەوە
ئینتیقامی خۆم دەسێنم جەهل ئەگەر مانیع نەبێ
شوعلەیی ئاهم دەنێمە خەرمەنی ئیدراکەوە
خەرقەیی شاهـ و عەسای مووسا لە لام بێ شەوکەتە
فەخری ئێمە وا بە کەوڵی پۆست و دار مەششاکەوە
عیبرەتە ئەربابی غیرەت تێبگەن من چی دەڵێم
ئەهلی عیسمەت حەپسە سەربەستی بە لای بێ باکەوە
قەومەکانی ڕوپیەخۆرم دێنە بەرچاوم ئەڵێن
گەر بە جۆ بمرێ شەهیدە سەگ بە گۆشتی لاکەوە
لاتن و لۆتی نەفامن بۆ نیشات و مەنفەعەت
دەبنە قوربانی سەگێ بێ شک بە باب و داکەوە
بۆ نەمانی دین و غیرەت هیممەتی کورد و عەرەب
وا بەسەر لەوحەی کیتابی حەسرەتی ئەتراکەوە
تا دەبێتە مولکی ئەربابی حەمییەت کەم دەکا
ئاگری تاجر دەنێتە خەرمەنی مەللاکەوە
شەرتە تا ڕۆژی قیامەت دەست لە ئەژنۆ بەرنەدەم
سەر لە قوڕ نێم بۆ سیادەت بەم دڵەی غەمناکەوە
بۆ دلێری حەزرەتی مەحموود مەمدووحی جیهان
تاقە یەک گوڵ بوو بە فەرقی پیری ئەحمەد کاکەوە
بۆ دوو مەحمودخان ئەمیری سەرحەدی ڕۆم و عەجەم
بوونە ئەسحابی قوڕەیش و چوونە سیلکی چاکەوە
ساڵی تەئریخی دەپرسی «ئالی کاک ئەحمەد غەریبحسێبی ئەبجەد: أل کاک احمد غریب = ؟»
کەوتە عالەم دڵ حەزین و دیدەیی نمناکەوە