خەزنەیە ئاو و گڵت ساحبی دار و دەوەنی
وەڵام بۆ عەبدولخالیقی ئەسیری
لە کتێبی:
دیوانی حەمدی
بەرهەمی:
حەمدی (1876-1936)
2 خولەک
606 بینین
خەزنەیە ئاو و گڵت ساحبی دار و دەوەنی
بە سەفا چەشنی بەهەشتی کەچی بەیتولحەزەنی
جێگە سەیرانی عیراقی بەڵێ زۆر شۆخ و شەنی
چونکە بێ پیاوی بە ئاشووبی خەریکی فیتەنی
چۆنی ڕوو بێ کە بڵێ میللەتەکەت تۆ وەتەنی
وەرە تۆ مەردی خوا بە هەڵیخە پیاوی چاک
ساحبی تەبع و عەقڵ عامیلی عەزم و بێ باک
نە وەکوو من وەکوو ئەم خەڵقە کە کەوتووین وەک لاک
لە لەکێکا کە نییە ئەهلی کیفایەت یەک تاک
چۆنی ڕوو بێ کە بڵێ میللەتەکەت تۆ وەتەنی
وەرە بنواڕنە ئەم وەزعە بە دیققەت سەیرە
میللەتێ بەم زلییە هێندە قەدیم و قەیرە
وەکوو گۆ کەوتووەتە بەر شەق و لیسی غەیرە
ئەمە حاڵە، ئەمە ژینە، شەڕە یاخۆ خەیرە
چۆنی ڕوو بێ کە بڵێ میللەتەکەت تۆ وەتەنی
گەورە بێ دەرکە، دەرک خاسە نەسیبی دوردە
لە شەرابا نییە نەشئە نە شەهێنی دەردە
بۆیە بەدبەختە گوناهی ئەمەیە ئەم کوردە
کە نەبێ پیاوێ بڵێ وادەی دەس و بردە
چۆنی ڕوو بێ کە بڵێ میللەتەکەت تۆ وەتەنی
سەبەبی ئاو و هەوا و گردی بڵاوی تۆیە
تەفرەقەن میللەتەکەت دیارە فەقیرن بۆیە
غەیرەیە دوژمنیان دوژمنیان بۆ خۆیە
پێ لە پێوەندە کە وا تەوقیشی لەسەر ئەستۆیە
چۆنی ڕوو بێ کە بڵێ میللەتەکەت تۆ وەتەنی
لە دەمی هیچ کەسێکا نییە باس و ناوت
هەر سەگێ هەڵسێ بەبێ ترس ئەکەوێتە ڕاوت
مۆدەمان ڕۆیی بەسەرچوو بەسەری تۆ ناوت
بۆ ژیان مونتەزیری لوتفە لە غەیرە چاوت
چۆنی ڕوو بێ کە بڵێ میللەتەکەت تۆ وەتەنی
سەبەبی حاڵەتی تۆیە لە ژیانا بێزار
وەکوو کوڕمردوو خەریکی ئەسەفە و شیوەن و زار
حەمدیناسناوی ئەدەبی شێتانە کە ئەتڵێتەوە میسلی بیمار
نییە بێ چارە حەکیمێ نییە چاری ناچار
چۆنی ڕوو بێ کە بڵێ میللەتەکەت تۆ وەتەنی