زریانی دڕ

پێشکەشە بە مناڵانی کوردەواری
لە کتێبی:
وەنەوشە
بەرهەمی:
محەمەدسەدیق مەحموودی (1937-1990)
 5 خولەک  727 بینین

پۆلێک داربەڕوو لە داوێنی کوێستانێکی کوردەواریدا ڕووابوو. ئەو دارانە زۆر لەمێژ بوو لەو مەڵبەندەدا دەژیان، کوێستانیان بە نیشتمانی خۆیان دەزانی و زۆر دڵیان پێی خۆش بوو.

هەموو ڕۆژێ لەو جیگە بەرزەوە، بە گەرمە چاکوخۆشییان لەگەڵ هەتاو دەکرد. هەتاویش بزەی دەهاتە سەر لێو و بەدەمیانەوە پێدەکەنی؛ بە ڕووخۆشییەوە لەگەڵیان دەدوا.

بەڕاستی ئەو دارانە لەگەڵ هەتاو ببوون بە ئاواڵی گیانی گیانی و بێ ئەو هەڵیان نەدەکرد.

لەنێو دڵ و دەروونی ئەو پۆلەدارەدا، کانییەک هەڵدەقوڵی کە ئاوەکەی دەتکوت چاوی قرژاڵە.

دارەکان ئەو کانییەشیان بە ئاواڵی خۆیان دەزانێ. کاتێ توونییان بایە داوای ئاویان لەو دەکرد. وە ئەویش بێ ئەوەی منەتێکیان لە سەر بکا، بە ڕوویەکی خۆشەوە ئاوی دەدانێ.

تەنانەت جارجار بۆ دڵخۆشیی ئەوان شەماڵیشی بانگ دەکرد و پێکەوە ملیان لە گۆرانی کوتن دەنا. دارەکانیان دڵخۆش دەکرد و دەیانخستنە سەما و هەڵپەڕین.

لە کۆڕی ئەم شایی و هەڵپەڕکێیەدا، کانی دەیکوت و شەماڵیش بۆی دەستاندەوە.

کانی دەیکوت:

#

چەن جوانە پۆلە داری

کوێستانی کوردەواری

#

ڕێک و پێک و خۆش تەرزن

کەڵەگەت، باڵابەرزن

 

شەماڵیش دەیکوت:

#

دڵ پڕهەستن، دەهەستن

هەڵپەڕن، ڕامەوەستن

#

کاتی هەڵپەڕکێتانە

ئەم کوێستانە جێتانە

 

کانی دەیکوت:

#

شەماڵ، بە خوڕەی هەڵدێرم

گەلێ سڵاو دەنێرم

#

بۆ تۆ و بۆ دار و کوێستان

بۆ گشت خاکی کوردستان

 

شەماڵ دەیکوت:

#

گەڕۆکی کێو و دەشتم

پەیکی ڕێگەی بەهەشتم

#

بەهـ بەهـ چەندە دڵشادم

دڵشادم و ئازادم

 

کانی و شەماڵ پێکەوە:

#

پۆلەداری شۆخ و شەنگ

بەرز و جوان بە باڵا و ڕەنگ

#

نەخشی سروشت چەن جوانە

لەسەر ئەم کوردستانە

 

ئێوارەیەکی پاییز، زریان ڕێی کەوتە کوێستان و لە دارستان لایدا. چەن شەو و ڕۆژ بوو پێڵاوی سەفەری لە پێ دانەماڵیبوو. بە هەڵاتن، بە قورتە و جاری واش بوو بە زگەخشکێ ڕێگای کەژ و چیای بڕیبوو. جا لەبەر ئەوە زۆر ماندوو بوو، کاتێ لە دارستانی چڕی کوێستان تیپەڕی و گەیشتە پۆلەی داربەڕوو، ویستی لادا و بڕێک بحەسێتەوە.

باوەکوو پۆلە داربەڕوو زۆر میوانگر بوون و هەمیشە باوەشیان بۆ لە ئامێز گرتنی میوان ئاوەڵا کردبۆوە، بەڵام چونکە لەگەڵ شەماڵ-دوژمنی لە مێژینەی زریان- نێوانیان خۆش بوو، ڕوویەکی وایان بە زریان نەدا و فەرموویان نەکرد بۆ ماڵی خۆیان.

زریان لەوە زۆر دڵگران و تووڕە بوو، ئەوەندە ڕقی هەستابوو کە غەزەبی خودای لە نێو چاوان دەباری.

بەڵێ ڕق و قین زریانی بە جارێک شێت و هار کرد، شاڵاوی بردە سەر داربەڕووەکان و هێنانییە حەولەوەلا. یەخەی ئەویانی دەگرت و بەویانی دادەدا، بە مست و زللە هەموو سەر و گوێلاکی تێک کردنەوە، جلوبەرگی بەری دادڕین و هەموو گەڵاکانی لێ هەڵوەراندن و ڕووت و قووت هەمووی خستنە سەحرا، لە پاشان لێی دا و ڕۆیشت.

کانی، ئاواڵی گیانی گیانی داربەڕووەکان، کە ئەوەی بیست بە پەلە، پەڵەهەورێکی نارد بۆ لای ڕۆژ کە ئەو هەواڵەی بداتێ.

کانی بۆ خۆی هیچی لە دەس نەدەهات. دڵی پڕ بووبوو، لە داخان خوڕخوڕ فرمێسک بە چاویدا دەهاتە خوارێ.

پەڵە هەور کاتێ گەیشتە تەشقی ئاسمان لە دەرگای ڕۆژی دا، کەس دەرگای لێ نەکردەوە. وا دیار بوو ئەویش لە خەفەتی شێواویی داربەڕووەکان نەخۆش کەوتبوو و خزابووە نێو جێگاوە و نەیدەتوانی کەس بدوێنێ.

زریان بە دارستان فێر ببوو. هەر جارناجارێک هێرشی دەبردە سەر ئەو داربەڕووانە. دارەکان بە جارێ شڵەژا بوون. زۆریان شەل و کوت ببوون. هێندێکیان کەوتنە ئەو بیرە کە دارستان و کوێستان بە جێ بێڵن و بڕۆن بەرەو هەندەران.

ڕۆژێک، ئەو تاقمە چوونە لای کانی کە خواحافیزی لێ بکەن. کانی دڵخۆشیی دانەوە. پێی کوتن: برالە! وڵاتی خۆتان بە جێ مەیەڵن. تەنگانان بەری کورتە. زریانی زۆردار، هەر وا بە سەرتاندا زاڵ نابێ. من لە تەمەنی ژینی خۆمدا ئەوەم بۆ دەرکەوتووە کە ستەمی زۆر، سەری لەشیدا دەهات. لە ترسان قسەی کانییان بە گوێدا نەچوو، بارگە و بنەیان تێکنا و بەرەو وڵاتانی لاوە کەوتنە ڕێ. زریان کە ئەوەی بیست، دوور و نزیک کەوتە شوێنیان لە دۆڵێکدا ڕێی پێ گرتن. چون لە پۆلی گەورەی داربەڕوو پەڕەوازە بووبوون و تەنیا کەوتبوونەوە هەزار پەند و مەسخەرەی بەسەرهێنان. لاق و قولی تێک کردنەوە و پەراسووی هەموانی تێک شکاند و ئاخ و ئۆخی لێ بڕین.

ئەمجار چاوی هەڵێنا لەبەر قەدی کێوی شوانێکی دی کە لە بەر مەڕی بوو. هەرای لێ کرد و کوتی:

#

هۆی شوانە، شوانە، شوانە

گوێ بگرە لێم! بڕوانە!

#

ناتەوێ بۆ گۆچانی

داری سەختی کوێستانی؟

 

شوانە کوتی:

#

زریان، زریانی بەدفەڕ

شڕ و دڕی ماڵان گەڕ

#

ئەو دارانەی کوشتووتن

ئەو خوێنانەی ڕشتووتن

#

دەبنە وەباڵی ئەستۆت

ڕۆژێ دەبینی کە خۆت

#

وەک وان یەخسیر و دیل بی

چارەڕەش و زەلیل بی

#

بەڵام گۆچان لەوانە؟

کوا ئەوە کاری شوانە؟!

#

دارێکی وا کە گیانی

نەدا بە نیشتمانی

#

ترسەنۆک بێ وەکوو مشک

بە وشوویەک ببێ وشک

#

هەر بە گوڕە و هاوارێ

لە نیشتمان بتارێ

#

نابێ بۆ دەستی شوانی

شوان نایکاتە گۆچانی

#

بۆ چی چاکە؟ دەزانی؟

تەنیا هەر بۆ سووتانی

#

هەر دەبێ ئاور خۆش کا

گۆڕی بێ ئاور نۆش کا