وەڵامی گڕهاوێژ

لە کتێبی:
وەنەوشە
بەرهەمی:
محەمەدسەدیق مەحموودی (1937-1990)
 2 خولەک  779 بینین
کوڕە کوردێکی ڕووتەڵەی جل شڕ
کزەڵۆک، لارەمل، پەشێو، دڵ پڕ
کۆنە چۆغێکی وای لەبەردا بوو
ئەوەی لەو مابوو هەر دە هەودا بوو
ڕانکەکەی وەک دڵی لەت و پەت بوو
چ بوو پشتێنەکەی؟ لەتێ پەت بوو
مێزەرێکی لە سەر بوو شیتاڵی
بەر ببۆوە. دەگەییە گیپاڵی
دیم کە دانیشتبوو لە سەر چۆمێ
چاوی گریاوی کردبۆ گۆمێ
هەر هەناسەی کە هەڵدەکێشاوە
شەمی ژینی گڕی دەلەرزاوە
چوومە لای و کوتم ئەرێ کاکە
بۆ چی وای؟ پێم بڵێی برام چاکە
بەڵکوزامت بە مەڵحەمی تەگبیر
چارەکەم خەم نەکا دڵت داگیر
لێی ڕوانیم بە چاوی پڕفرمێسک
لەشمی سووتاند هەتا وەکوو سەر ئێسک
دای وڵامێ، وڵامی گڕهاوێژ
بنکەیی مەینەت و خەفەت داڕێژ
بۆ چی نەگریم وچۆن نەبارێنم؟
بۆ لەخوێن گوڵ نەڕێژمە داوێنم؟
بۆدەبێ کورد لە خۆشی بێ بەش بێ؟..
ژینی وا تاڵ و ڕۆژی وا ڕەش بێ؟
بەشی هەر ڕووتی و هەژاری بێ
گیانی یەخسیری لێوبەباری بێ؟
کۆیلەتیی کورد بە دەستی دوژمنی پیس
بۆتە قاو، چەشنی کفرەکەی ئیبلیس
کامە ئیبلیس؟ ئەوەی کە ئیستعمار
لە کەڵەک بازیا دەکا بۆی دار
کورد نەترساوە قەت لە زەبر و زەنگ
بۆ چی دانیشتووە ئەدی بێ دەنگ؟
بۆ تەکانێکی وا لە خۆ نادا...
مەچەکی خوێنمژانی کورد با دا
ورگیان هەڵدڕێ بە خەنجەری کورد
جەرگ و دڵیان بئەنجنێ ورد ورد
پێکەنیم و کوتم برام دەگری؟
یا چیا و چڕ لە دوژمنان دەگری؟
کاکی چەوساوە بۆ چی نازانی؟
دەردی مە ڕاپەڕینە دەرمانی
کوا بە خوێناوی خۆڕ لە چاو ڕشتن...
یا دوو ئەژنۆ لە باوەش ئاویشتن...
گەش دەبێ بۆ گەلت گوڵی شادی
یا بزەی دێتە لێوی ئازادی؟
ڕاپەڕە هاتەوە دەمی تۆڵە
مێشکی دوژمن دەکەینە پرپۆڵە