نەورۆز
لە کتێبی:
وەنەوشە
بەرهەمی:
محەمەدسەدیق مەحموودی (1937-1990)
1 خولەک
1165 بینین
لە خۆشیی تۆیە نەورۆز وا سروشت دونیا دەنەخشێنێ
لەسەر چیمەن شەماڵی شۆخ بە ناز داوێنی دەخشێنێ
خڕاو ڕێبواری نێو دەشت و چیایە و نێرگزی مەستیش
دڵۆپی نیونیگای گەرمی لە کاسەی چاوی دەڕژێنێ
بلۆقی ئاڵ و کەسکی شەونمی سەر بەرگی جوانی گوڵ
سەرنج ئەتوێتەوە تێیدا و ناخی هەست ئەجووڵێنێ
هەڵاڵە و سوێسنە هەر کامە جۆرێ گیان دەلاوێنن
گوڵاڵەش کوانێ وەک ئەو شۆخ و شەنگێ، تاسە بارێنێ؟!
گەزیزە لارولەنجەی دادەنێ پێی ناز لەنێو دڵدا
لە کاتێکدا کە شانەی با، قژی زێڕینی دادێنێ
چریکە و شۆقی سەرگۆنای گەشی سارا دڵی شۆخی...
پەریی کۆشکی بەهەشتی خۆشی خوایی دادەخورپێنێ
ئەرێ نەورۆزی پیرۆز! تۆ مەگەر ئایەی خوداوەندی؟
کە هەر هاتی، لەنێو دڵدا ونیی غەم شوێنی نامێنێ
نەشەی گەرموگوڕ و سۆزی خوڕەی هەڵدێری چۆماوت
دەڵێی حەیران و سوارۆیە کە لاوێنێ دەلاوێنێ
وەتەن، گیانم فیدای تۆ بێ و فیدای کوێستانی سەربەرزت
کە شمشیری ترۆپکی شاخەکانی هەوری دادێنێ