کچی نەشمیل

لە کتێبی:
وەنەوشە
بەرهەمی:
محەمەدسەدیق مەحموودی (1937-1990)
 1 خولەک  1329 بینین
ئەگەرچی زۆر لە مێژە هۆگری پیاڵەی مەی و بادەم
نەشەی ماچێکی تۆ ئەمما بە مەستیی بادە قەت نادەم
ئەگەر ماچی سەری کوڵمت ببەخشی پێم و بمکوژی
دە یا ڕەببی نمەکگیر بم کە لەو سەدایە سەر بادەم
فریشتە بێتە لام و خۆی وەکوو تۆ دابنێ، شەرتە...
هەتاکوو بانی پانی ئاسمانی حەوتەمی ڕادەم
دەڵێن ماچی کەزیی تۆی کردووە شەوبا، دەڵێم ئێستا
لە چاوی کوێری شەو تف کەم، لە فڵچی بێ حەیا با دەم
کە جارێکی بچێژێ تامی خۆشی ئارەقی گۆنات...
خدر ئیتر لە ئاوی ژینی خۆی نادا لەمەولا دەم
کچی نەشمیل، وەرە، تۆی گوڵ لە نێو گوڵدانی باوەشما
شنەت بێ، تا پەژارەی چەندە ساڵەی خۆم بە بادا دەم
لەشم گەرمی ئەوینە و بەژنی شووشت سەروی ئازادە
لەبەر وەی دیلی تاسەی سێبەری ئەو سەروە ئازادەم