شەوێکی ڕەش
لە کتێبی:
وەنەوشە
بەرهەمی:
محەمەدسەدیق مەحموودی (1937-1990)
2 خولەک
1219 بینین
لەشی بێ گیانی زەردەی تاوی سەرکەل
نرا گۆڕی کپی سام و سڕیی شەو
خزا خامۆشیی هێلانەی کونی چاو
بە ئەسپایی، بە بێ چرپە مەلی خەو
***
هەموو دنیا کڕ و بێ دەنگ و ماتە
نیە دەنگێک لە هیچ عەرزێک و بەرزێ
بە تەنیا بایە با، ئەگری و ئەناڵێ
لەشی ڕووتی لەبەر سەرما ئەلەرزێ
***
بە ناڵە و شینی با دەریا خورۆشا
لە تاوی دێتە خوار فرمێسکی چاوی
لەسەر ڕووی گنجی داناوە: ئەنووسێ
بنووسی قینی ئەو شیعری خەماوی
***
منیش و بیر لە ڕابردوو لەگەڵ یەک
لە خانوچکەی دڵم دا یەکتر ئەگرین
لەپاش چەن پرسیار و چەن وەڵامێک
ئەمن بۆ ئەو، ئەویش هەر بۆ من ئەگرین
***
هەنیسکم وەک کوڵ و پڕ مەی گرینم
لە تەنگایی گەرووی دڵما شکاوە
بڕێکی هەر لەوێدا ما و بڕێکیش
لەگەڵ ئەسرین لە داوێنم تکاوە
***
لەبەر پێی جەرگ و دڵ ڕاچوو پەلی خەم
تلی گەردوون لە تیژیی ئەم پەلەی دام
خەیاڵ ئاواڵی تەنیایی ژیانم
لە گۆمی مەندی بێخۆیی مەلەی دام
***
مەرگ دەرگای ژیانێکی هەتا سەر
بەرەو ڕووی پەیکەرەی گیانم کراوە
ئەڵێی بانگم ئەکا: ئاخۆ ئەزانی
لە لەوحی خوا خەتی ژینت کڕاوە؟
***
بەڵام نا نا، ئەوا پڕشنگی ڕۆژی-
لە گوێن شیرێ سمی سینگی شەوی ڕەش
قەلی شەو دای لە شەققەی باڵی تیژی
فڕی لاچوو تەمی قورسی لە سەر لەش
***
ژیان هەروا بووە و هەرواشە تاوێ
بەجارێ لێخنە وکاتێ زوڵاڵە
خەباتی ڕێی ژیان وا ئاگرێکە
کە هەر بندەستە چیلەی، ژینی تاڵە