نەک بە تەنها تیری غەمزەت جەرگمی کون کون کردووە

لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 1 خولەک  512 بینین
نەک بە تەنها تیری غەمزەت جەرگمی کون کون کردووە
تیغی ئەبرۆت جەرگ و دڵمی ئەنجن ئەنجن کردووە
با سەریشم دابنێم مومکین نییە دەست هەڵگرم
خوا منی بۆ ماچی ئەو لێوانە نەوسن کردووە
هیچ ئەسەر ناکا لە تۆ فەریاد و هاوارم یەقین
خوا دڵی تۆی یا لە پۆڵا یا لە ئاسن کردووە
دەرد و جەور و خەم هەمووی بۆ پیاوە، ئوستادی ئەزەل
دائیمە هەر خێر و خۆشی و شادی بۆ ژن کردووە
زەحمەتە ناکرێتەوە هەرگیز گرێی بەختم بەکەس
دەستی حەق ئەم ڕشتەیەی یەکسەر گرێچن کردووە
کەس لە جەمعی زیو و زێڕ خێری نەدیوە چاوەکەم
زۆر دەسی پاک و بەنوێژی پیس و چڵکن کردووە
یاری بێ ڕەحمم کەمالیناسناوی ئەدەبی دەردی دووری و جەوری خۆی
یەک کەڕەت وەقفی دڵی سەودازەدەی من کردووە