سەبا توخوا بڵێ بەو دلبەری بێ مەزهەب و دینە
لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
1 خولەک
592 بینین
سەبا توخوا بڵێ بەو دلبەری بێ مەزهەب و دینە
لەگەڵما بۆ چی دائیم مائیلی جەور و جەفا و قینە
لە داوی پەرچەمی ئەو شۆخەدا زەحمەت دڵم دەربێ
سەراپا هەر شکەنج و پێچ و تاب و حەڵقە و چینە
زەمانە مەیلی ساردە گەر لەگەڵما من نییە باکم
شوکور یارم لەگەڵما مەیلی وەک گەرمایی هاوینە
گوتم: بۆ چی لیباست شینە شۆخی مەهجەبین فەرموی
مەگەر نازانی مانگی ئاسمانیش بەرگی وا شینە!
ئەکەن تەشبیهی ڕوویی تۆ بە ڕۆژ ئەم خەڵکە نازانن
لەبەر کەم فامییە تەشبیهی بێ عەقڵان بە تەخمینە
قسەی عەشقی من و تۆ داستانێکە نییە وێنەی
نەوەک مەجنوون و لەیلایە نەوەک فەرهاد و شیرینە