یارە تو خوا پێم بڵێ تۆ چیت کە مایەی ژینمی
لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
1 خولەک
1138 بینین
یارە تو خوا پێم بڵێ تۆ چیت کە مایەی ژینمی
باعیسی هێزی هەناو و لاشەکەی بێ تینمی
تۆ نەبی هیچ کەس منی ناوێ چ بێگانە چ خوێش
جا کە وا بێ تۆ کەسوکار و برای شیرینمی
سەد هەزار عەیبم هەبێ تۆ دای ئەپۆشیت یەک کەڕەت
باعیسی سەربەرزی و سەرمایەیی تەمکینمی
تۆم ببێ ئەچمە حەج و هێند خێر ئەکەم بچمە بەهەشت
ڕابەری دڵسۆزی ڕێگەی ڕاستی دنیا و دینمی
گەر نەخۆش بم ئەمبەیە لەندەن تەداویم زوو ئەکەی
مەڵحەم و دەرمانی زامی جەرگەکەی خەمگینمی
تۆم نەبێ چۆن یار لە ماڵ بۆم دێتە دەر بێ ترس و خۆف
تۆی کە مەحبووبەی عەزیز و یارەکەی دێرینمی