بڵێن بەو شۆخە بابەس پەرچەمی چین چینی دابێنێ

لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 1 خولەک  648 بینین
بڵێن بەو شۆخە بابەس پەرچەمی چین چینی دابێنێ
مەکان و مەسکەنی دڵمە نەوەک ڕیشەی بپچڕێنێ
ئەکەم گیانم بە قوربانی دەم و لێوی شەکەرباری
ئەگەر لوتفی ببێ ئەو مەهـ جەبینە پێم بدا جوێنێ
وەکوو من گەر ببینێ تاقی ئەبرۆی دلبەرم سۆفی
موحەقەقمە کە سوجدەی بەر ئەبات و تۆبە ئەشکێنێ
شوکور یارم لەگەڵما هاودەمە دائیم بە ڕۆژ و شەو
ڕەقیبی پیسی بەد سا با لە داخا خۆی بخنکێنێ
بە تەئسیراتی مەی ساقی چرای گۆنای کە هەڵگیرسا
دڵی عاشق ئەبێ پەروانە ئاسا خۆی بسووتێنێ
لە چینی پەرچەمت گەر بای سەبا بۆنی ببا بۆ چین
ڕەواجی میسکی ئەشکێ تا قیامەت قەدری نامێنێ
ئەکەم گیانم بەڵاگەردانی باڵات تاکوو چاوی بەد
خودا ناکردە نەک ئەو شێوە شیرینەت بشێوێنێ
لە سایەی وەسفی لێوی شەککەرینی تۆوەیە قوربان
کە وا شیعری کەمالیناسناوی ئەدەبی نرخی قەند و شەککەر ئەشکێنێ