نیگارم بێ وەفا و بێ مەزهەب و ئایینە ئەیزانم
لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
1 خولەک
643 بینین
نیگارم بێ وەفا و بێ مەزهەب و ئایینە ئەیزانم
لەگەڵما دائیما مەیلی بە قار و قینە ئەیزانم
کە دڵ وا حەپس و گیراوە لە داوی یاری بێ ڕەحما
هەموو سووچ و گوناهی پەرچەمی چین چینە ئەیزانم
لە سایەی ماچی ئەو لێوانەوە بێ ئیحتیاجم من
کە هەنگوین و نەبات و شەککەرم تەئمینە ئەیزانم
وتی شەو کەس لە تاو هاواری تۆ نانوێ وتم گیانە
چ فایدە نابییەی گوێی لای منت سەنگینە ئەیزانم
لە عەشقی خاڵی شینی تۆیە! قوربان ئاسمانی پیر
لیباسی ماتەمی پۆشیوە ڕەنگی شینە ئەیزانم
مەکە حاشا لە خوێنم ڕۆژی مەحشەر قاتڵم هەر تۆیت
بە خوێنی جەرگی من سەر پەنجەکەت ڕەنگینە ئەیزانم