لە شاخ و کێوی دەرد و مەینەتا فەرهادی بێ حاڵم
لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
1 خولەک
588 بینین
لە شاخ و کێوی دەرد و مەینەتا فەرهادی بێ حاڵم
لە دەشت و چۆڵ و هەردەی وەحشەتا مەجنوونی عەوداڵم
لە باس و خواسی دنیا ناگەم و قەت ناوی کەس نابەم
لە عەیبی خەڵکی چاوپۆشی ئەکەم کوێر و کەڕ و لاڵم
خەت و مەت پەشمە لام چیمە لە دەرسی کاڵی نەحو و سەرف
خەریکی مەشقی عەشق و خوێندنی دەرسی خەت و خاڵم
لە حەفتا تێپەڕیم و وا ئەزانن پیر و داماوم
لەسایەی عەشقەوە وا تازە مەشغووڵی گڕوگاڵم
بە شوعلەی هەر چرایەک من وەکوو پەروانە ناسووتێم
بە شەوقی ڕووی نیگاری مەهجەبین سووتا پەڕ و باڵم
کەمالم بێ ئیتر بۆ چیمە ماڵ و زیو و زێڕ
لە سایەی خواوە خۆم خاوەن کەمالم گەرچی بێ ماڵم