ڕۆژی نەورۆزە کە دنیا پڕ لە ساز و سۆز ئەکا

لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 1 خولەک  618 بینین
ڕۆژی نەورۆزە کە دنیا پڕ لە ساز و سۆز ئەکا
نێرگز و لالە و وەنەوشە ڕووی زەوی پیرۆز ئەکا
پەلکەزێڕینەی بە ئاڵا وا فەلەک هەڵکردووە
دای لە تەپڵی هەور و شایی پادشای نەورۆز ئەکا
تا ئەبەد مەمنوونی لوتفی بای شەماڵم چونکە وا
پەرچەمی ئەو نازەنینە جاربەجار ئاڵۆز ئەکا
نایەڵێت قەت خانومانمان پاک و خاوێن بێ ئەبەد
مامە ڕێوی دائیمە کلکی خەریکە تۆز ئەکا
سەد شوکور ناچێ لە ئینسان شکڵی هێندە بێ فەڕە
سەیری کەن بەدکاری بێ پیر هەر لە گورگی بۆز ئەکا
نەفعی شەخسی خۆی ئەگەر تێکەڵ نەکا مەردە ئەوەی
خزمەتی بۆ خاکی پاکی نیشتمان و هۆز ئەکا