دەردی عەشقت وێڵی دەشت و هەردە و سەحرام ئەکا

لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 1 خولەک  635 بینین
دەردی عەشقت وێڵی دەشت و هەردە و سەحرام ئەکا
تووشی سەد بەد ناوی و دوچاری سەد سەودام ئەکا
وەسڵی تۆ هەر باعیسی فەوتان و سووتانی منە
شەوقی ڕووت پەروانە ئاسا ئەمکوژێ و ئیفنام ئەکا
چاوەکانت ئەمکوژێ لاکین شەکەر خەندەی دەمت
دائیما بۆ کوشتنێکی تازەتر ئیحیام ئەکا
وەک چرای فانۆسەناشارێتەوە عەشقی نیگار
با لە پەردەشدا بێ ئاخر سەر سەری و ڕسوام ئەکا
من ئەبێ سووچم چبێ ڕۆژی ئەزەل سوڵتانی عەشق
دیل و یەخسیری کەمەندی پەرچەمی تاتام ئەکا
چاوەکەی مەستت نیگاری مەهـ جەبین بۆتە سەبەب
وا کە مەخمووری شەراب و بادە و سەهبام ئەکا