دڵی زویرم لە حەڵقە و پێچ و تاوی زوڵفی زنجیرا

لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 1 خولەک  680 بینین
دڵی زویرم لە حەڵقە و پێچ و تاوی زوڵفی زنجیرا
خەلاسی بوو کەچی دوایی بە قوللابی موژەت گیرا
بە ئیما گفتوگۆی دائیم لەگەڵ ئەهلی دڵە ئەبرۆت
مەحاڵە کەی بووە خاسییەتی بێ تەل لە شمشیرا!
ئەگەر سڕڕی دەمی تۆ تێبگەن ئەم خەڵکە هەر وەک من
نمەک تێکەڵ ئەکەن دائیم لە پێکی شەککەر و شیرا
لە خەوما ئاوی سەرچاوەی ژیانم نۆش ئەکرد ئەمشەو
شوکور سبحەینێ دیم ماچی دەمی تۆ بوو لە تەعبیرا
من و جامی شەراب و زاهید و ئەندێشەیی کەوسەر
بە دەستی کەس نییە حوکمی قەڵەم وابوو لە تەقدیرا
بە خەتتی تێمەگەن ئاهـ و هەناسەی عاشقی زارە
عورووجی کردووە وا مانگی ڕووی ئەو دلبەرە گیرا
بە یادی تووتی گەوهەر باری ئەو دائیم غەزەلخوانم
سەبا پێشکەش بکە عەرزم لە خزمەت حەزرەتی میرا