ئەی دڵەی بۆ خەم خوڵقاو
لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
1 خولەک
632 بینین
ئەی دڵەی بۆ خەم خوڵقاو
ئەی بێ هێز و تین و تاو
ئەی دڵەی لێم تەوەللا
دووچاری دەرد و بەڵا
چەند تکام کرد لێت ئەی دڵ
وتم بەس بمکە خەجڵ
مەکەوە شوێن نازداران
هەر وەکوو جاری جاران
با نەکەویتە ناو بەند
مەبە یەخسیری کەمەند
لە کەمەندی پەرچەما..
لە ناو پەرچەمی خەما
ئەم جارە زۆر موشکیلە
ڕزگارت بێ ئەی دڵە
بێ گوێ بە قسەت نەکردم
هەتاکوو ئابڕووت بردم
ڕۆیشتیت بە تەپاوتل
تاکوو دلبەری دەم گوڵ
دیل و یەخسیری کردی
بەندی زنجیری کردی
کە وا بوو تو خوا ئەی دڵ
بڵێ بە یاری دەم گوڵ
منی کەساس و هەژار
بە بێ دڵ ناگرم قەرار
ئەگەر ڕوخسەت ئەدا پێم
بە شوێنیا منیش با بێم
بۆ بەردەبازی سەر ڕێ
خۆم دابنێم لەژێر پێ