ناتیق گیان دیسان وا لە دووریی تۆ

بۆ «ناطیق»ی شاعیر
لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 1 خولەک  529 بینین
ناتیق گیان دیسان وا لە دووریی تۆ
زامانی سەختم وا هاتۆتە سۆ
لە ڕۆژێکەوە ڕۆیشتووی لێرە
چاوم لێڵایی داهاتووە کوێرە
ئاخۆ تەوێڵە ئێستەش وەک جاران
نەشئە ئەبەخشێ بۆ مەیگوساران
ڕێی «گەڕیات»ی هەر ڕێڕەوەی بازە
مەنزڵگای جیلوەی شۆخی تەننازە
بە لافاوی خەم وای ڕووخاندووە
تۆمی خەفەتی لێرا چاندووە
ئاخو وەک پێشوو بەرزە دەماخان
هاتوچۆ ئەکەن بۆ کووچە و باخان
«مالیدەر» ئەوسا کە پڕ بوو لە گوڵ
وەکوو کار ئاسکە ئەیان کرد لێم سڵ
«چلانە» داری چل پەری ڕوو بوو
مەنزڵ و مەئوای بێچوە ئاهوو بوو
ئاخۆ ئێستەکەیش وا سەقادارە
مەنزڵ و مەئوای ئاهووی تەتارە
شەمام شەمامەی هەر زەرد و کاڵە
یا خود گەیشتووە شەمامە کاڵە
ڕجایە وەسفی خۆت بنووسە بۆم
ڕۆژ و شەو مەشغووڵ یاد و فیکری تۆم