فەسڵی هەشتەم

لە کتێبی:
تەئریخی جاف
بەرهەمی:
کەریم بەگی جاف (1885-1949)
 35 خولەک  1820 بینین

بەحسی زەمانی ڕیاسەتی محەمەد پاشایە:

لە تەئریخی هەزار و دووسەد و چل و هەشتی هیجریدا محەمەد پاشا بە عومری شانزە ساڵیوە ئەبێ بە ڕەئیسی عوموومی جاف و بەگزادە. کە وەقتێ ئەبێ بە ڕەئیس ئەوقاتی خۆی بۆ زیادیی سوارەی پشتماڵە و عەمەڵە حەسر ئەکا، تایفەی ئەلک پیروەیس لە تەرخانیدا پەنجا سواریان مەخسووس ئەکا بە سوارەی خسووسیی خۆیەوە. لە تاقمی وردە بەگزادە کە پێیان ئەڵێن: بەگزادەی حەسەن بەگی ئاڵی بەگ، چل سواریان ماین و تفەنگ ئەداتێ. ئەوانیش عەلاوەی سوارەی خۆی ئەکا و بەعزێ ماڵی تر لە جاف هەڵئەبژێرێ ئەیانهێرێتە پشتماڵە. پشتماڵەکەی ئەکا بە چوارسەد ماڵ و هەر سوارەیێ کە لە پشتماڵەی خۆیدا ئەبێ حوکمیان لێ ئەکا نابێ لە وەقتی بەهار و هاویندا سواری ئەسپ ببن. کوللی سوارێکی ماینێکی بەرگردیان ئەداتێ. ئەسپ بۆ سوارە مەخسووسی پایز و زستان بووە و سوارەی خسووسیی خۆی ئەگەیەنێتە شەشسەد سوار. تا دە ساڵ لە کەماڵی دەست و تەرەقیدا ئیدارەی جاف ئەکا.

ئەحمەد بەگی وەڵەد بەگ کە ڕەئیسی فیرقەی وەڵەدبەگی و خاڵۆی ئەحمەد پاشای حاکمی بەبە بووە و پیاوێکی زۆر ئازا و ساحێب دەست بووە لەناو جافدا. ئەحمەد پاشا گەرەکی ئەبێ بیکا بە ڕەئیسی عوموومی جاف و ئەحمەد بەگیش زۆر فیتنەیی ئەکا لای ئەحمەد پاشا و محەمەد پاشا لەناو حاکمەکانی بەبەدا هەواخوای عەبدوڵڵا پاشا ئەبێ و دوشمنیی عەبدوڵڵا پاشا و ئەحمەد پاشای بەبەش تەئریخەن مەعلوومە کە وەقتێ عەبدوڵڵا پاشا لە سلێمانی نامێنێ و ئەحمەد پاشا ئەبێ بە حاکمی سلێمانی نیەتی ئەمە ئەکا کە محەمەد پاشا و محەمەد بەگی قادر بەگ لەتەک کوڕەکانیدا بە هەر فێڵێ ببێ بیانگرێ!

لە وەقتی بەهاردا کە ئەچنە شارەزوور کاغەز ئەنووسێ بۆ شوێن محەمەد بەگی قادر بەگ و کوڕەکانی و بۆ شوێن محەمەد پاشاش. محەمەد پاشا ناچێ بۆ سلێمانی، ئەڵێ: من نەخۆشم. محەمەد بەگ خۆی و بارام بەگ و ئەمین بەگ و میران بەگ و عەزیز بەگی کوڕانی ئەچنە سلێمانی لای ئەحمەد پاشا. لەوێ هەر پێنجیان ئەگرێ، ئەیاننێرێ بۆ کۆیە حەبسیان ئەکا. محەمەد پاشا بە قاعیدەی هەموو ساڵە لەتەک عەشایری جافدا ئەچێتە کوێستان، لە وەقتی پایزدا کە دێنە خوارەوە بۆ تەرەفی مەریوان، شەو پیاوە گەورەکانی پشتماڵەی لەتەک پیاو موناسبانی جافدا ئەچنە لای و پێی ئەڵێن: ئەحمەد پاشا خەریکە تۆ بفەوتێنێ. ئامۆزاکانی تۆ کە وەکوو محەمەد بەگی قادر بەگ و کوڕانی بێ، گرتوونی. تۆ بە تەنها ماوی، وە دوشمنێکی وەکوو ئەحمەد بەگی وەڵەد بەگ کە چاوی وا لە جێگە و ڕێگەی تۆ و باقیوە، وە خاڵۆی ئەحمەد پاشاشە وا لەناو جافدا، وە زۆر ساحێب دەستیشە وا لە بەرامبەرتەوە، بۆ تۆ مومکین نابێ هەم شەڕی خاریج و هەم شەڕی داخڵ بکەی، لازمە تۆ فکرێ بە حاڵی خۆت بکەی!

محەمەد پاشا پێیان یێژێ: ئەگەر خوا منی گەرەک بێ بەمانە نافەوتێم. لەپاش دوو ڕۆژ ئەحمەد بەگی وەڵەد بەگ بە خۆی و عوموومی بەگزادەی وەڵەدبەگیوە نزیکی دووسەد سوار لایێ بۆ دێ یەکی و لە لایەکی کەوە بۆ خۆنوانن و شادکامی دێنە ماڵی محەمەد پاشا. محەمەد پاشاش نایخاتە ئەڕووی شەو. لەپاش نان خواردن خەبەر ئەدا بە سوارەی پشتماڵە و زۆریش سوارەی عەمەڵە لای محەمەد پاشا حازر ئەبن، عوموومیان بە کۆمەڵێ دێنە دیواخان. ئەمر ئەکا پێیان ئەحمەد بەگی وەڵەد بەگ لەتەک عەزیز بەگی حەبیب بەگ و عەزیز بەگی حسەین بەگ و محەمەدئەمین بەگ و سەلیم بەگی باوکی یارئەحمەد بەگی مەشهووردا... ئەگرن و باڵیان ئەبەستن و ئەو سوارانەی ئەحمەد بەگە کە لە پشتماڵەی محەمەد پاشادا ئەبن، ئەمر ئەکا بە کوللی ماڵێ سوارەی خۆی بگرێ و هەر ئەو شەوە بە حەوتسەد سوارەوە ئەچێتە سەر ماڵی ئەحمەد بەگی وەڵەد بەگ، لە بەردەمی هۆمەرەسێنانی پێنجوێنا. ماڵی خۆی و بەگزادەکانی وەڵەدبەگی لەتەک پشتماڵەکەیا تاڵان ئەکا و هەرچە ماڵیان ئەبێ ئەیدا بە خزمەتکار و ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵی خۆی. هەر ئەو ڕۆژە خەبەر ئەدا بە عوموومی عەشایری جاف، خاریجی ئێڵی ئەحمەد بەگی وەڵەد بەگ کە هەزار ماڵێ ئەبێ، ئەڵێ: من ئەگەڕێمەوە بۆ خاکی ئێران، ئەبێ عوموومتان بچنە شارەزوور، عوموومتان لەتەکما بێنەوە بۆ ئێران.

عوموومی جاف بە یەک دەفعە ڕوو بە ئێران ئەگەڕێنەوە، بە ماڵەوە ئەچێتە سێ سەعاتیی ئەجنووبی سنە. خۆی و هەشتسەد سوار لەتەک ئەو بەگزادە حەبسەکانی وەڵەدبەگیدا کە ئەیانبا ئەچنە سنە. ئەحمەد بەگی وەڵەد بەگ هەر چلۆنێ ئەحمەد پاشا و عەبدوڵڵا پاشای بەبە خوشکەزای ئەبن، والیی سنە، کە حاکمی ئەردەڵان ئەبێ، ئەویش خوشکەزای ئەبێ، چونکە کچێکی وەڵەدبەگی باوکی ئەحمەد بەگ -کە پیرۆزە خانمی ناو ئەبێ- دایکی حاکمی ئەردەڵان ئەبێ و محەمەد پاشا بە فکری خۆی وا ئەزانێ حاکمی ئەردەڵان تەماشای ئەمە ناکا کە ئەحمەد بەگ خاڵۆیەتی، چونکە محەمەد پاشا تەشەبوسی پێ کردووە و جاف ئەکا بە تەبەعەی. لەتەک ئەم فکری محەمەد پاشادا نیەتی والیی موافیق نەهات. وەقتێ لە سنە لە ماڵی میرزا محەمەد ڕەزای وەزیری ئەردەڵان دائەبەزێ و لە بەیانیدا ئەچێتە لای والی، تێ ئەفکرێ والی موعاملەی ساردە لە مەجلیسدا. والی تەزکەرەیێ ئەیا بە میرزا محەمەد ڕەزا. ئەنووسێ بۆی: محەمەد پاسا بە چە مەعنا خاڵۆکانی من حەبس ئەکا وە بە حەبسی ئەیانهێرێتە لای من و لەتەک ئەمەشدا ئومێدی موعاوەنەتی لە من هەیە؟ میرزا محەمەد ڕەزا ئایا خۆی و ئایا باوکی لەتەک محەمەد پاشا و کەیخوسرەو بەگی باوکیدا حوقووقێکی سەداقەت لە بەینیانا ئەبێ، لەم تەزکەرەی والییە زۆر عاجز ئەبێ، ئەمما لە مەجلیسدا بۆی مومکین نابێ بە محەمەد پاشا بڵێ والی فکری خراپە. تەزکەرەکەی والی لە بەردەمی خۆیدا دائەنێ و والی لە مەجلیسەکە لەگەڵ میرزا محەمەد ڕەزا ئەچێتە دەشتەوە و میرزا محەمەد ڕەزا تەزکەرەکە بەجێ یێڵێ بۆ خاتری ئەمە کە محەمەد پاشا بیخوێنێتەوە.

محەمەد پاشا ئەیخوێنێتەوە و کوتووپڕ لە فکری والی تێ ئەگا و دێتە دەرەوە بە سواری ئەچێتەوە بۆ ماڵی میرزا محەمەد ڕەزا و خەبەر ئەدا بە عوموومی لەشکرەکەی لە کاروانسەرا ئەبێ. سوار ئەبن لە شار ئەچنە دەرەوە. والی کە دێتەوە ئۆدەی مەجلیس خەبەری محەمەد پاشا ئەپرسێ، ئەڵێن: چووە بۆ ماڵی میرزا محەمەد ڕەزا، پیاو ئەنێرێ بۆ تەحقیقاتی، خەبەری ئەدەنێ کە محەمەد پاشا بە خۆی و لەشکریوە ڕۆیی. عیتاب لە میرزا محەمەد ڕەزا ئەکا ئەڵێ: تۆ خەبەرت داوەتێ! ئەڵێ: خەبەرم نەداوەتێ، ئەمما لەو وەقتەدا کە بانگت کردم تەزکەرەکە لە خەیاڵم چوو. ئەشێ خوێندبێتیوە و حوکم ئەکا لە عەسکەری خۆی بچن بە شوێن محەمەد پاشادا.

میرزا محەمەد ڕەزا یێژێ بە والی: لەم خسووسەوە حەقت نییە، ئەوەڵەن ئەم پیاوە پەنای بە خاکی تۆ هاورد، تۆ کە موعاوەنەتت نەکرد حەقی تەعەڕوزی ئەوت نییە. گوێ لە من بکە بە دەست کەوتنەوەی خاڵۆکانت ڕازی بە، ئەم لەشکری محەمەد پاشایە کە دوێنێ من دیومە لەوانە نین بە فەوجی ئاغا مووسا و ئاغا نەسری تۆ دەردەست بکرێن و هەم ئیتاعەیێکی واشیان هەیە بە ئامیری خۆیان هەر وەکوو بوت بۆ بوتپەرست واتە و لەتەک ئەمەشدا ئەم پیاوە دە هەزار ماڵ عەشیرەتی خۆی وا لەتەکیا، زەریف فکر بکەرەوە ئەمانە بە چەندێ قووەت تەربییە ئەکرێن؟ والی بە قسەی میرزا محەمەد ڕەزا دەست لە تەعقیب هەڵئەگرێ و بە ئەدەبی خۆیەوە دائەنیشی.

محەمەد پاشا کە لە ئەردەڵاندا مەئیووس بوو بە ڕێی کولیاییدا خۆی و عوموومی عەشیرەتی دێن بۆ جەبەڵی قزرابات و شارەبان و محەمەد پاشا خۆی ئەچێتە بەغدا لای وەزیر، ئەویش بۆ زوستان و مەحەللی عەشایرەکەی جەبەڵی شارەبان و بەینی خانەقی و قزرابات لەتەک جەبەڵی باخچەدا -کە ها لە پشت خانەقیوە تا حدوودی مەندەلی- ئەیداتێ و لەتەک حاکمی کرماشانا بۆ جێی هاوینەیان تەرەفی داڵاهۆ و ئەترافی سەرمیل و کرن و سوورەدزە، بۆیان ڕێی ئەخا و موددەتی سێ ساڵ محەمەد پاشا بە خۆی و جافەوە لەژێر ئیدارەی وەزیری بەغدادا بوون، لە بەینی ئەم موددەتەدا ئەترافی سلێمانی و شارەزوور بە واسیتەی تەعەڕوزی جافەوە، لە زەحمەتێکی زۆرا ئەبن. ئەحمەد پاشا ئەکەوێتە پەلەپەل بە خۆی و هەیئەتی حوکوومەتەکەی لەتەک دوو هەزار سواردا دێنە گردی شێروانە. عەزیز ئاغای مەسرەف ئەنێرێتە ماڵی محەمەد پاشا لە جەبەڵی شارەبان و محەمەد بەگی قادر بەگ لەتەک کوڕەکانیا ئەوانیش لەتەک خۆیدا ئەهێرێت بۆ شێروانە.

عەزیز ئاغا کە ئەچێتە ماڵی محەمەد پاشا زۆر پەلەپەل ئەکا لەتەک محەمەد پاشادا ئیقناع نابێ کە بێتە لای ئەحمەد پاشا و جوابی کاغەزی ئەحمەد پاشا ئەنووسێتەوە: «من دەستم لە خاکی بابان و شارەزوور هەڵگرتووە بۆ خۆت و خاڵۆت!»

ئەحمەد پاشا دووبارە عەزیز ئاغا لەتەک عەزیز بەگی مامی و محەمەد بەگی قادر بەگ و هەر چوار کوڕەکەی بە کاغەزی دڵخۆشی و تەئمینەوە ئەنێرێتەوە لای محەمەد پاشا، ئەنووسێ:

«من ئەگەر خراپەیەکم کردبێ بەم خراپەی خۆمەوە ئیقرار ئەکەم. بە هەرچە تۆ تەئمین ئەبی ئەمین بە من لە خاکی بابان هەرچە تۆ گەرەکت بێ من نامەوێ. ئەوا محەمەد بەگ و ئامۆزاکانتم ناردەوە، ئەگەر خۆشت نایەی با ئەوانیش لەوێ بن.»

عەزیز ئاغا کە پیاوێکی زۆر زیرەک و عاقڵ بووە، بە هەر نەوعێ ئەبێ محەمەد پاشا ئیقناع ئەکا دێتە لای ئەحمەد پاشا ئەمما لەشکرێکی زۆر گەورە موقابیل بە لەشکرەکەی ئەحمەد پاشا لەتەک خۆی دێنێ. وەقتێ کە لەتەک ئەحمەد پاشادا یەک ئەبینن، ئەحمەد پاشا پێی ئەڵێ: من زۆرم پەلەپەل کرد کە تۆ بفەوتێنم ئەمما جیلوەی تالیعێ لە ناوچاوی تۆدایە، نەک بە من، لە منیش گەورەتر نایکوژێنێتەوە! ئەمما شەرت بێ تا من بمێنم هەرچە تۆ پێت خۆش بێ من ئەوە بکەم و تۆش لەمەولا بە خیلافی ڕابوردووەوە موعامەلە بکە.

لە یەک ڕازی ئەبن، ماڵی محەمەد پاشا لەتەک عوموومی جافدا ئەپەڕنەوە بۆ جێی خۆیان و عەزیز ئاغاش هەر لەم سەفەرەدا کچی عەبدوڕەحمان ئاغای بارچاوەش -کە برازای ئەبێ- بۆ محەمەد پاشا مارە ئەکا و لەو کچە سڵێمان بەگ و محەمەد عەلی بەگی ئەبێ. (بەحسیان لە وەقتی خۆیدا ئەکرێ و) محەمەد پاشا لەپاش ئەم سەفەرە کە هاتەوە خراپەیێکی لەناو جاف و شارەزووردا بوو نەما و ئەچێتە ماڵی ئەحمەد بەگی وەڵەد بەگ دڵخۆشیی ئەداتەوە، هەم خزمی ئەبێ و لە لایەکیشەوە زاوای ئەبێ وە خوشکێکی محەمەد پاشا ژنی ئەبێ. ئەو گرتنی محەمەد پاشایە لە دڵ دەر ئەکا وە ئەڵێ بە محەمەد پاشا: من بەمە ئیفتیخار ئەکەم کە لە بەگزادەی جافدا پیاوی وەکوو تۆی وا تێدا ئەگەرنە خۆت ئەزانی من بۆ هیچ کەسێکی تر سەرم دانەنەوانووە. في الواقععەرەبی ئەحمەد بەگ ئازاترینی زەمانی خۆی بووە. محەمەد پاشا تاکوو ئینقیرازی پاشاکانی بەبە -کە ساڵی هەزار و دووسەد و حەفتا و چواری هیجری بووە- ئیدارەی عەشیرەتی جاف و شارەزووری کرد.

حوکوومەتی تورک کە سلێمانیی گرت، وە وڵاتی بابان کەوتە ژێر ئیستیلای تورکەوە، ئەوانیش ئیدارەی محەمەد پاشایان تێک نەدا و هیچ تەکلیفێکیان لە جاف داوا نەکرد. تاکوو زەمانی عومەر پاشای سەردار -کە دەستووری موکەڕەم بووە لە تەرەفی خەلیفەی عوسمانیوە- بە لەشکرێکی زۆرەوە دێتە شارەزوور، محەمەد پاشا بانگ ئەکاتە مووان، ئەچێتە ئەلای، بە محەمەد پاشا ئەڵێ: من هاتووم بۆ تەشکیلاتی شارەزوور و سلێمانی و خاکی بابان. لازمە جاف کە داخڵی ئەم خاکەیە ڕەسمێکی بۆ دابنێین.

محەمەد پاشا ئەڵێ: ئێمە خۆمان سی ماڵ بەگزادەین و هەزار سوار خزمەتکار و تەبەعەمان هەیە و ئەم عەشیرەتە کە پێی ئەڵێن جاف بۆ خۆمان لە ئێران هاوردوومانەتە خاکی بابانەوە و ئێمە ئیدارەمان وا بەسەر ئەمانەوە کە تۆ داخڵی ڕەسمت کردن بۆ حوکوومەتی عوسمانی. ئێمە بە چی ئیدارە بکەین؟ ئاباء و ئەجدادی ئێمە کە لە ئێران بووین چە لە زەمانی سەفەویدا و چە لە زەمانی حوکوومەتەکانی پێشووی ئێراندا تەکلیفی هیچیان لە ئێمە نەکردووە. عومەر پاشا بە توندیوە ئەڵێ بە محەمەد پاشا: بەخوا جاف ئەخەمە ژێر تەکلیفەوە وە چاوت دەریێنم! محەمەد پاشاش بە توندیوە موقابەلەی ئەکا، ئەڵێ: بەخوا چاویشت دەریێنم و تەکلیفیشت نادەمێ!

کوتوپڕ لە ئۆردوودا سوار ئەبێ بە هەزار و پێنجسەد سوارەوە ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵی خۆی.

مەحموود پاشای کوڕی لە عەینی ئەم گفتووگۆی عومەر پاشا و محەمەد پاشادا مەوجوود ئەبێ ئەمما منداڵ ئەبێ و عەینی ئەم گفتوگۆیە خۆم لە مەحموود پاشام بیستووە. هەر ئەو ڕۆژە کە لە ئۆردوو دێتە دەرەوە بۆ ماڵ، سوار تەعین ئەکا بۆ ناو عوموومی جاف: ئەبێ ئیمشەو تا سبحەی

ئێوارە عوموومی جاف لەسەر سیروان حازر بن ئەپەڕمەوە بۆ خاکی ئێران.

میکایەڵی کە لە شارەزووردا کەوتوونەتە تەرەفی سلێمانیوە، ئەوانیش وەکوو جافەکانی داخڵی قەزای ئەڵەبجە لە عەینی وەقتدا ئەگەنە سەر سیروان. عومەر پاشا پیاوە گەورەکانی بەبە، کە لەپاش پاشاکانی بەبە مابوونەوە، وەکوو عەزیز ئاغای مەسرەف و حاجی بەگی مەسرەف و باقیی تر لەتەک عومەر پاشادا ئەبن لە موواندا، پێی ئەڵێن: تۆ موعامەلەیەکی زۆر خراپت کرد لەتەک محەمەد پاشادا. ئەم پیاوە زۆر بەنفووزە و خۆی و عەشایرەکەی دایمەن هان لە حدوودی ئێراندا و ساڵی چوار مانگیش بە تەواوی لەسەر خاکی ئێران دادەنیشێ و ڕابیتەی سیاسەتی لەتەک حوکوومەتی ئەردەڵان و شاهی ئێراندا هەیە و حوکوومەتی ئێران بە عوموومی مەوجوودییەتیوە پەلەپەل ئەکا بۆ ئەم تەبەعەی قەدیمی خۆیە کە بیکاتەوە بە تەبەعەی خۆی. موحەققەق سلێمانی دانامەزرێ محەمەد پاشا لە خاکی ئێراندا بێ و سلێمانی ئەبێتەوە بە عەلاوەجاتی ئێران.

عومەر پاشا زۆر پەشیمان ئەبێتەوە لەو موعامەلەیە، یەکێ لە پیاوە گەورەکانی خۆی لەتەک عەزیز ئاغادا ئەنێرێ بە شوێن محەمەد پاشادا، زۆر تەئمینات ئەدەن بە محەمەد پاشا و محەمەد پاشا دووبارە ئەبەنەوە لای عومەر پاشا ئەمووان. ئەم دەفعەیە زۆر حورمەتی ئەگرێ و ڕوتبەی میری میرانی بۆ جەلب ئەکا و تەشکیلاتی قەزای ئەڵەبجەی بە قایم مەقامیی بۆ ئەکا. بە سوورەتی مەحەببەت ئەڵێ: ئێوە ئیسلامن و حوکوومەتی عوسمانیش خەلیفەی ئیسلامە. ئیمڕۆ جافیش ئەگەر بە ئیسم، بۆ چاوی خەڵق و عەشیرەتەکانی تر لە ویلایەتی موسڵدا ئەگەر جوزئی ڕەسمێکی بەسەرەوە بێ زۆر چاکە. محەمەد پاشا کە ڕازی ئەبێ لە عومەر پاشا پێی ئەڵێ: جاف لە کوردستاندا و شامار لە قیتعەی عەرەبستاندا هاو موقابیلی یەکن. ئەوان چە تەکلیفێ ئەدەن بە حوکوومەتی عوسمانی، ئەمانیش ئەیدەن. عومەر پاشا ئەڵێ: شامار چل یەک لە مەڕ و وشتر ئەدەن. محەمەد پاشاش ئەڵێ: جافیش چل، یەکی مەڕ و بزن ئەدەن. ڕەسمی چل یەکی مەڕ و بزنیان لەسەر دائەنێن، ئەم ڕەسمە لەناو جافدا دەوامی کرد تا ئینقیلابی عوسمانی و هاتنی نازم پاشا. مەحەمەد پاشا بە قایم مەقامیی ئەڵەبجە و ڕیاسەتی جاف ماوە تا هەزار و دووسەد و نەوەدی هیجری. لەو تەئریخەدا والیی بەغدا مەحموود پاشای کوڕی کە بەسەر جافەوە گەرمیان و کوێستان ئەکا وە ئەگەڕێ و ماڵی لە قەڵای شێروانەدا ئەبێ، لە وەقتی زوستاندا تەلغراف ئەنووسێتە شوێنی بۆ بەغدا.

مەحموود پاشا ئەچێتە لای بۆ بەغدا و یەک دوو کوێخایەکی شاتری کە خزمەتکاری ئەبن لە تەکیا ئەبن و یەکێ لەو کوێخایانە تورکی زۆر چاک ئەزانێ. مەحموود پاشا کە ئەچێتە لای والی، والی پێی ئەڵێ: ئەم عەشیرەتی جافە، قیسمی گەڕیاویان، حوکوومەت دانیشتنیانی زۆر مەتڵەبە و ئەرازیشیان ئەداتێ بە تاپۆ بە شەرتی دانیشتن. مەحموود پاشا ئەڵێ پێی: من سوورەتی ڕاستی بە تۆ ئەڵێم: ئەم عەشیرەتە دانانیشن و مەحموود پاشا حەقانییەتەکەشی ئەڵێ. ئەو کوێخا شاترییە لە بەردەمی قاپیی ئۆدەی والیدا ئەبێ، لە دەرەوە لە گوفتوگۆی والی و مەحموود پاشا حاڵی ئەبێ.

وەقتێ کە مەحموود پاشا ئەگەڕێتەوە بۆ شێروانە ئەویش ئەچێتەوە ناو تایفەی خۆی، دە دوانزە کوێخایەکی شاتری ئیقناع ئەکا و ئەچنە خانەقی لای قایم مەقامی خانەقی، کە ئەحمەد بەگی قادر پاشای بەبە ئەبێ و ئەحمەد بەگیش بە حەسەبەی بابانیوە کە حوکوومەتی عوسمانی حوکمداری بابانی تێک دابوو، محەمەد پاشاش لە خاکی باباندا لەپاش بابان مەوقیعێکی زیاتر لە پێشووی خۆی دەست کەوتبوو، لە محەمەد پاشا و کوڕی محەمەد پاشا عاجز بوون، ئەگەرچە ناحەقیشیان بوو، حوکوومەتێکی وەکوو خەلافەتی ئیسلامی بە محەمەد پاشا مەنع نەئەکرا، هەر ئەوەی پێ ئەکرا کە مەوقیعی عەشیرەتەکەی خۆی موحافزە بکا، دەست خۆشی ڕۆزگار نەبن... ئەحمەد بەگ ئیشیان بۆ ڕێک ئەخا و تەلغرافیان بۆ ئەنووسێ بۆ والیی بەغدا، ئەمانە ئەڵێن: ئەگەر حوکوومەت ئەرازی بدا بە ئێمە دائەنیشین. حکومەت بەعزێ ئەرازیی بۆ ئەوان مەخسووس ئەکا.

مەحموود پاشا لەم موعامەلە دڵگیر ئەبێ، کاغەز ئەنووسێ بۆ محەمەد پاشای باوکی لە ئەڵەبجە. ئەویش جوابی ئەداتەوە ئەڵێی: هیچ موعامەلەیێ لەتەک جافاکانا مەکە، تا وەقتی بەهار ئەگەڕێتەوە بۆ ئەڵەبجە وەزعییەتی جاف کەمێ تێک ئەچێ، لە وەقتی بەهاردا کە ئەچنەوە شارەزوور لە شەک مەیدانی بەرامبەر شەمێران کە ها بەسەر سیروانەوە، پشتماڵە لەوێ دائەبەزێ. محەمەد پاشا لە ئەڵەبجەوە دێتە ناو پشتماڵە. ماڵی مەحموود پاشا و کوڕەکانی بەگزادەی بارام بەگی وەڵەدبەگی گشتی دێنە لای، پێیان ئەڵێ: حوکوومەتی تورک فیکری تێک چووە لەتەک ئێمەدا و ئێمە لە کوردستاندا بەم نەوعە ئیدارە ناکەین وە بۆشمان مومکین نابێ بچین بە گژ حوکوومەتی عوسمانیدا وە لە خاکیدا بین، لازمە ئێمە بچینەوە خاکی ئێران، ئەم خزمەتە کە بە حوکوومەتی تورکی بکەین بە حوکوومەتی قاجاڕی بکەین چیمان لێرە ببێ لەوێ زیاترمان ئەداتێ.

مەحموود بەگی عەبدوڵڵا ئاغا، کە لە تاقمی مەحموود بەگی ساحێب قەڕانە، دایکی ئەو و دایکی محەمەد پاشا، کە کەنیشکی محەمەد بەگی مووسا بەگی خورماڵ کە بەگزادەی تەقی بەگیین ئەبن..... خوشک ئەبن. لە پاش ئینقیرازی بەبە بە حەسەبەی خزمایەتیوە دێتە لای محەمەد پاشا و محەمەد پاشاش وەکوو کوڕەکانی خۆی لە پشتماڵەیا ماڵ و جێگە و ڕێگەی بۆ دائەنێ. ئەڵێ بە محەمەد پاشا: ڕجا ئەکەم تۆ ئەمڕۆ ئەووەڵەن قایم مەقامی لە ئەڵەبجە و دووهەم ساحێبی شەست حەفتا هەزار تەغار گەندم و جۆ و چەڵتووکی لە شارەزوور دا، ئەم عەمارانەکە قیمەتی سی هەزار لیرەی عوسمانییە... ئەمانە بکە بە پارە ئەو وەقتە ئەگەر حوکوومەتی عوسمانی موعامەلەیان چاک نەبوو، ئێرانمان لە دەست دەرناچێ، محەمەد پاشا پێی ئەڵێ: ئەگەر عەمارەکانم گشتی پڕ بێ لە ئاڵتوون ڕۆژێ بە ئەسارەتەوە قەبووڵ ناکەم! حوکوومەتی تورک قسەی چوار ژێر دەستەی خۆم بخاتە سەر قسەی من؟!

هەر ئەو ڕۆژە ئەمر ئەدا بە پشتماڵەکان: هەر کەس چەند زەخیرەی بۆ هەڵئەگیرێ بچن بیهێنن بۆ خۆتان و سەدانی و بەداخیش کە لە خاکی ئێراندا ئەبن کاغەزیان بۆ ئەنووسێ، لە جێی خۆتان بمێننەوە تاکوو من خەبەرتان لێ ئەگێڕمەوە مەپەڕنەوە بۆ ئەمبەر.

لەپاش حەوت ڕۆژ پشتماڵەکان ئەچنە شەمێران ئەسەر کەژی زمناکۆوە، محەمەد پاشاش لە ئەڵەبجەوە ئەچێتە ناو پشتماڵە. مەحموود پاشا ئەڵێ بە محەمەد پاشا: من ئەچمە بەغدا ئەمڕۆ حوکوومەتی تورک ئەمری تەشکیلاتی تاپۆی داوە، هەم ئەرازی ئەسێنم و هەم خزمەت بە حوکوومەتی عوسمانییئەکەم. مەحموود پاشا ئەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و محەمەد پاشا ئەچێتە زمناکۆ و لەوێوە خۆی و قادر بەگی ڕۆستەم بەگ، کە لەو وەقتەدا ڕەئیسی فیرقەی وەڵەدبەگی ئەو ئەبێ، بە سەد سوارەوە ئەچێتە کرماشان لای شاهزادە عماد الدولهناوی تایبەت حاکمی کرماشان. تەلغراف ئەنووسن بۆ خزمەت شاهی ئێران ناسرەددینناوی تایبەت شا و شا جواب ئەداتەوە:

ئەووەڵەن چی لازمە بۆ محەمەد پاشا بۆ خۆی و عەشرەت و تەبەعەی لە ویلایەتی کرماشان و سنەدا بۆی جێبەجێ بکەن و محەمەد پاشا خۆشی لە پاش دامەزرانی ئەبێ بێ بۆ تاران. هەر لە کرماشانەوە ئەمری عوموومی جوانڕۆ لەتەک عەشایری جافی جوانڕۆدا بۆ ئەنووسێ، ماڵیان ئەچێتە جوانڕۆ و ئەچنە کوێستانی شاهۆ و بەنی گەز و کڕێوە.

لە پاش دامەزرانن ئەو قیسمە عەشایرەی کە لە تەکیا ئەبێ محەمەد پاشا بە پەنجا سوارەوە ئەچێتە خزمەت شا بۆ تاران. لە تەرەفی شاوە ئیستیقباڵی ئەکەن و لە ماڵی وەزیر یەحیا خاندا میوانی ئەکا، بە لوتف و گەورەیی خۆی مەرحەمەتێکی مولووکانە لە تەکیا ئەکا و زۆر زۆر ئیحتیرامی ئەگرێ و گەلێ شەو لەسەر سفرەی خۆی حازری ئەکا.

فرمانی ڕیاسەتی عوموومی عەشیرەتی جافی ئێران لەتەک عوموومی جوانڕۆدا و قەسری شیرین و زەهاب و هۆرێن و شێخان تاکوو حودوودی عوسمانی کە سیروان بووە وە لەتەک مانگێ حەوت هەزار تمەنا بۆ خۆی و شەش کوڕی و بەگزادەی بارام بەگی و وەڵەد بەگیی... ئەنووسێ و سی و هەشت قیتعە فرمانی پادشاهی لە لای خۆم مەوجوودە وە خەنجەرێکی مورەسسەع لەتەک عەبایێکی شاڵ توڕمە کە یەخەکەی جواهیر بەند ئەبێ و کتێبێکی خەتی سووڕەتداری عەجایبی کۆنی ئەداتێ وە ئەو کتێبە لە تەئریخی نۆسەد و بیست و حەوتی میلادیدا لە ماڵی خۆما بوو، محەمەد بەگی برام بردیە بەغدا فرۆشتی بە شەش هەزار ڕووپیە.

وە محەمەد پاشا زۆر بە مەسرووری ئەگەڕێتەوە ئەماڵی خۆی لە جوانڕۆ، محەمەد ئەمین بەگی یەعقووب بەگ کە ئامۆزازای ئەبێ، لە وەکالەتی خۆیەوە لە قەسری شیریندا دای ئەنێ، ڕێگەی قەسر تا حودوودی خانەقی موحافەزەی لە عۆدەی ئەودا ئەبێ.

عەشایری جاف کە لە سلێمانی و ئەمبەرەوە بەجێ ئەمێنن کۆمەڵ کۆمەڵ ئەپەڕنەوە بۆ لای محەمەد پاشا، لە پاش دووساڵ مانەوەی محەمەد پاشا لە جوانڕۆ عەشیرەتی تەرخانی کاغەز ئەنووسن بۆ محەمەد پاشا کە: ئێمە بە عومووم لە کوێستانەوە تێین بۆ لای تۆ، دوو یێ بەگزادە و میقدارێ سوارمان زۆ بنێرە. محەمەد پاشاش عوسمان پاشا و حەسەن بەگ و سلێمان بەگ کە کوڕی ئەبن و قادر بەگی بارام بەگ کە ئامۆزای ئەبێ و ڕۆستەم بەگی سەعید بەگ کە ڕەئیسی بەگزادەی وەڵەد بەگی جوانڕۆ بووە و مامەی بەهرام بەگی فەتاح بەگ بووە کە ئەمڕۆ ڕەئیسی وەڵەد بەگی جوانڕۆیە ئەویش بە سی سوارەوە ئەخاتە تەکیان ئەیان نێرێ بە شوێن تەرخانیدا.

محەمەد بەگی قادر پاشا کە لە دوای محەمەد پاشا قایم مەقامی ئەڵەبجە ئەبێ، ئەم خەبەرە ئەزانێ، ئەچێتە پێنجوێن وحوکم ئەکا لەو جافانەی کە لەمبەرەوە ماونەوە: ئەبێ نەیەڵن ئێڵی تەرخانی لەتەک ئەم بەگزادانەدا بڕواو بچن بە گژیانا. بەگزادەکان بە لەشکرەوە ئەگەنە خوسرەوخان کە کەژێکە لە خوڕخوڕەی ئێران دا، لەشکرێکی زۆر گەورە کە دە ئەوەندەی ئەوان زیاتر ئەبن لە ناوەقتدا ئەچنە سەریان، بەگزادەکان کوتووپڕ لەتەک ئەو لەشکرە کەمەدا بۆیان سوار ئەبن، ئەبێ بە شەڕیان لەشکرەکەی جاف ئەشکێنن. ئەوڕەحمان خوسرەو کە ڕەئیسی فیرقەی ڕۆغزاد لە ڕۆغزادی ئەبێ ئەیکوژن و کاکە خان سمایل ڕەئیسی فیرقەی سمایڵی لە ڕۆغزادی ڕانی ئەشکێ و نزیکی چل کەس زیاتر لێیان ئەکوژن. بەڕاستی لەو شەڕەدا حەسەن بەگی محەمەد پاشا لەتەک ئەو تاقمە کەمەی پشتماڵە و عەمەڵەدا ئازادیی ئەگەیەنێتە دەرەجەی نیهایەت، عوموومی ئێڵی تەرخانی بار ئەکەن ئەیبەنە شاهۆ لای محەمەد پاشا.

دوای ئەم شەڕە لە ساڵی هەزار و دووسەد و نەوەد و چواری هیجریدا جافی ئەمبەر زۆر کەمیان ماوە، هەموو چوونە لای محەمەد پاشا و محەمەد پاشا بە یەک دەفعە سەرفی نەزەری لە هاتنەوەی خاکی عوسمانی کرد. لە ساڵی هەزار و دووسەد نەوەد و پێنجی هیجریدا مەحموود پاشا کە بە ماڵەوە لە بەغدا ئەبێ و محەمەد پاشاش کۆمەڵ کۆمەڵ لەوبەرەوە پارەی بۆ ئەنێرێ وقزرابات و زەهاوییە و دەککە لە قەزای خانەقی دا، سەرقەڵا و کۆکس لە قەزای کفری دا، ئاوبارەش لە لیوای سلێمانی... ئەم موقاتەعە گەورانە ئەسێنێ. محەمەد پاشا فکری وا ئەبێ سیان لە کوڕەکانی تری بنێرێتە لای مەحموود پاشا و چەند موقاتەعەیەکی تر بسێنێ، خۆی و سێ کوڕی لە ئێراندا بن و چوار کوڕی لە خاکی عوسمانیدا بن.

والیی بەغدا کە تەحسین پاشا ئەبێ، کە تێئەفکرێتە وەزعییەتی لیوای سلێمانی و کەرکووک کە وا یەک دەفعە لە جاف خاڵی بووە و سیاسەتی ئێران ڕووی تێکردووە... خەبەر ئەدا بە ئەستەمووڵ لەوێوە لە تەرەفی سەدارەتی عوزماوە جوابی ئەدەنەوە کە: بە هەر نەوعێ ئەبێ محەمەد پاشا ڕازی بکە و بیهێنەرەوە. ئەویش مەحموود پاشا لە بەغدادا ئەبێ، بانگی ئەکا پێی ئەڵێ: بەهەر نەوعێ کە بۆت ئەکرێ محەمەد پاشای باوکت ئیقناع بکە کە بێتەوە خاکی عوسمانی. مەحموود پاشا ئەڵێ: من ناتوانم قەول بدەم بە تۆ کە من بۆم ئیقناع ئەکرێ.

والی زۆر پەلەپەل لەتەک مەحموود پاشادا ئەکا و مەحموود پاشا مەجبوور ئەکا ئەچێتە ماڵی محەمەد پاشا لە دەشتی دووڕوو، کە ئەچێتە ئەوێ زۆر لەتەک محەمەد پاشادا تەلاش ئەکا ڕازی نابێ بەهاتنەوە و ئەڵێ بە مەحموود پاشا: من تۆم بە کوڕێکی ساحیب غیرەت ئەزانی! لە پاش چل ساڵ خزمەت بە مەئموورینی تورک جەزایان بۆ ئێمە ئەمە بوو بە قسەی چوار پیاوی درۆزنی بێ ئەهمییەت حقووقی ئێمەیان فەرامۆش کرد. ئیسە من لە خاکی ئێراندا دەهەزار ماڵی جافی ئێران بە ئەمر و فەرمانی پادشای تەسلیم کراوە و لە جافی مورادی، کە لە خاکی عوسمانیدا بوون، دەهەزار ماڵیان گەڕیاو و دانیشتوو لەتەک قەسری شیرین و زەهاو و جوانڕۆ، کە بەقەد لیوای سلێمانی بەزیادەوە ئەبێ و جێگەی ئابائو ئەجدادی خۆمانە و لەتەک مانگێ حەوت هەزار تمەنا... ئەمیانە داومێ. پادشایەکی وەکوو «ناسرەددین شا» بەم هەموو لوتف و مەرحەمەتەوە کە لەتەک مندا هەسی، هیچ وەقتێ من پشت ناکەمە ئەم وەلی نیعمەتی بێ مننەتە. تاکوو ئەمڕۆ سی هەزار لیرەم بۆ تۆ ناردووە داوتە بە موڵک بۆ خۆت، بیست هەزار لیرەی تریش بۆت ئەنێرم، دوان لە کوڕەکانی ترم ئەنێرمە لات تۆش کە ئەم لوتفە لە حوکوومەتی عوسمانی ئەگێڕیتەوە، ئەگەر ڕاستە ئەوە موڵکی زۆر بۆت پەیدا کراوە خزمەتیان بکە و ئەو جێگە و ڕێگە کە بەدەست منەوە بووە لەتەک ئەو باقیی عەشایرەدا ماوەتەوە لە خاکی عوسمانی بیدەن بە تۆ من نامەوێ.

مەحموود پاشا بە مەئیووسی ئەڕواتەوە بۆ بەغدا، قسەکانی محەمەد پاشا ئەڵێ بە والی، والی دووبارە لەتەک مەحموود پاشادا دەست ئەکا بە گفتووگۆ و ئەمری سەدارەت کە دێت بۆی ئەیخوێنێتەوە، ئەڵێ: مەقسەدی گەورەی حوکوومەت ئەمەیە کە ئەم میللەتە نەبێ بە تەبەعەی ئێران. هەرچی محەمەد پاشا لە حوکوومەتی عوسمانی تەلەب ئەکا من تەعەهود ئەکەم کە بۆی جێبەجێ بکەم.

دووبارە مەحموود پاشا ئەنێرێتەوە بۆ لای محەمەد پاشا. مەحموود پاشا لەتەک محەمەد پاشادا ئەم دەفعەی دووەمە زۆر پەلە پەل ئەکا. دووبارە ئیقناع نابێ. دووبارە ئەگەڕێتەوە بەغدا. دەفعەی سێیەم والیی بەغدا لەتەک والیی کرکووکدا و مەزهەر پاشای موتەسەڕیفی سلێمانی دێنە کانی چەقەڵ و مەحموود پاشا ئەنێرنە گۆڕەشەلە، کە ماڵی محەمەد پاشا لەوێ ئەبێ، مەحموود پاشا بە محەمەد پاشا ئەڵێ: چیت مەتڵەبە بیخەرە سەر کاغەز ئەگەر دروستیان کرد باشە، نەیان کرد دانیشە بۆ خۆت. محەمەد پاشا ئەڵێ بە مەحموود پاشا: من هیچ تەڵەبێکم لە حوکوومەتی عوسمانی نیە و خاکی ئێرانم پێخۆشە، نایەمەوە. مەحموود پاشا سوێن ئەخوا ئەگەر بێتوو ئەم دەفعە من بە مەئیووسی بنێرێتەوە خۆم ئەکوژم! ئەم هەموو پیاوە گەورانەی عوسمانییە بە واسیتەی منەوە هاتوون و من ڕووم نییە بچمەوە ئەلایان.

بە عەبدووڵڵا پاشا و بەعزێکی تر لە بەگزادە محەمەد پاشا ئیقناع ئەکەن: قایم مەقامی ئەڵەبجە وەکوو سابیق لەتەک ڕیاسەتی جافدا و ئەو ئەڕازییانە کە بەشەرتی دانیشتن درابوون بە بەعزێ لە جاف... ئەوراقی ئەمانە تەسلیمکردنی بە محەمەد پاشا ئەخاتە سەر کاغەز ئەیدا بە مەحموود پاشا و مەحموود پاشایش ئەیبا بۆ والیی بەغدا، ئەویش اراضی سنیهناوی تایبەت و ئەمری «سەدارەت» بۆ جێبەجێ کردنی ئەم تەڵەبانە جەلب ئەکا و لە موودەتی حەوت ڕۆژدا ئەیدەن بە دەست مەحموود پاشاوە، ئەویش ئەیبا بۆ محەمەد پاشا، محەمەد پاشاش یەتەوە خاکی عوسمانی ئەگەرچی زۆریشی پێ ناخۆش ئەبێ، تاکوو تەئریخی هەزار و دووسەد و نەوەد و نۆ، ئیدارەی جافی ئەڵەبجەی کرد.

قیسمێ لەو جافانە کە خیانەتیان کردبوو بە ئەو گرتنی. دووسێ یەکیان لە حەبسی خۆیدا مردن، ئەوانیش لەم مەسەلە موتەئەسیر بوون، بە فیتنەی بەعزێ ئەشخاسی تریش تەحریکاتی لەناوداکردن و ئەتوانم بنووسم عوموومی جاف قیسمێکی کەمی نەبێ لە تەکیانا قسەی بوو، لە عەینی تەئریخدا، لە وەقتی بەهار محەمەد پاشا بە میقدارێکی کەم سوارەوە و فەتاح بەگی کوڕی لە تەکیا ئەبێ، ئەچێتە چیمەنی برایم سەمین. ئەو فیرقەی جافە لە شاتری، کە پیاوەکانیان لە حەبسدا ئەمرێ، ماڵیان لە چیمەن ئەبێ و نیەتیان خراب ئەبێ، بە محەمەد پاشا ئەم خەبەرە ئەدەن، محەمەد پاشا ئەهەمییەتی ناداتێ و ئەڵێ: جاف خەیانەتی وا لەتەک منا ناکەن و ناتوانن جەسارەتی وا بکەن!

گەورەی ئەو فیرقە لەتەک سەد سوار دێت بۆ لای محەمەد پاشا بەم فکرە ئەگەر بتوانن دەست بوەشێنن. وەقتێ کە تێن ئەڕوانن فەتاح بەگی کوڕی بە هەشتا سواری محەمەد پاشاوە وا لەلای، کە ئەمە ئەبینن قورئانێ ئەبەنە لای محەمەم پاشا دایئەنێن، عوموومیان دەسی پیا ئەدەن ئەڵێن: ئەمە فیتنەی جافە وە ئێمە لەمە بەرین و خەبەرمان نیە، ئێمە عەبدی تۆین و عەبدیش لەتەک ساحێبی خۆیدا ناتوانێ خیانەت بکا. بە عومووم دەست و پێی ماچ ئەکەن کە ئەم بوختانە بۆیان کردووین لە دڵ دەربکە. محەمەد پاشاش پێیان ئەڵێ: من هیچ وەقت خەیاڵی وا لە ئێوە ناکەم، ئەڕۆنەوە بۆ ماڵی خۆیان.

محەمەد پاشا هەر ئەو ڕۆژە فەتاح بەگ لەتەک حەفتا سوار لە سوارەکان ئەنێرێتەوە بۆ پشتماڵە، ئەڵێ: خۆیشم بەیانی ئەچمە کفری، والیی کەرکووک بۆی نووسیوم اوم پێبکەوێ. هەرچەند فەتاح بەگ تەلاش ئەکا با ئیمشەو بمێنمەوە بەیانی لەتەکدا یێم تا کفری، من نایێمە شار، چونکە ئەجەلی پێوە ئەبێ فەتاح بەگ بەزۆر ئەینێرێتەوە، دە سواری خدمەتچی و قۆشچی لای ئەمێنێتەوە و فیرقەکە چوارسەد ماڵ ئەبن و پێیان ئەوتن: کەرەم وەیسی. ماڵیان عومووم نیو سەعات لە خێوەتی محەمەد پاشاوە دوور ئەب، چاویان بە لەشکرەکەی فەتاح بەگ ئەکەوێ کە ئەڕواتەوە بۆ پشتماڵە و پشتماڵەیش لە ژاڵەی سەفەر کە مەوقیعێکە لە کانی چەقەڵ کە نۆ سەعات لە چیمەنەوە دوورە.. بە فرسەتی ئەزانن ئەچنە ئەسەر محەمەد پاشا هەر ئەو شەوە ئەیکوژن، لە کوڕەکانی مەحموود پاشا و عوسمان پاشا لە سلێمانی ئەبن و حەسەن بەگی کوڕیشی لە ئەڵەبجە ئەبێ. سڵێمان بەگ و محەمەد عەلی بەگ و قادر بەگ و فەتاح بەگ، ئەم چوار کوڕەی لە پشتماڵە حازر ئەبن. بەیانی لە سەعات سێدا خەبەری کوشتنی محەمەد پاشا ئەزانن، بە لەشکری پشتماڵە و عەمەڵە و لەشکری پشتماڵە عەبدووڵڵا پاشا ڕووبە چیمەن ئەڕۆن و لێشیان مەعلووم نابێ ئەمە عوموومی جاف داخڵە یان داخڵ نیە. سەش سەد سواریان لەتەکدا ئەبێ، وەقتێ کە ئەگەنە جەبەڵی شاکەل لەکری تەرخانی و ڕۆغزادییان چاو پێ ئەکەوێ، خۆیان حازر ئەکەن بۆ شەڕ لەتەکیانا کە تێئەفکرێن ئەوان لەمان زووتر خەبەریان وەرگرتووە و چوون جەنازەی محەمەد پاشایان هاوردوە.

هەر لەوێدا عوموومیان دائەبەزن و تەڵاق ئەخۆن ئەڵێن: ئێوە لەم ئیقدامە دەست هەڵگرن ئێمە هەڵی ناگرین. جەنازەکە بە چەند سوارێکۆ ئەنێرێتەوە بۆ پشتماڵە، خۆیان ئەڕۆن بۆ سەر ئەو فیرقە. ئەوانیش کە ئەم موعامەلە ئەکەن ئەچنە ناو گەڵاڵیی، بەگزادەی گەڵاڵی ئەیاندەنە بەر تفەنگ دەریان ئەکەن. ڕوو بە ڕۆغزادی بار ئەکەن کە بچنە ناو ئەوان و ئەوانیش بە خۆیانەوە پیس بکەن. خەبەریان نابێ لە ئەمە کە ڕۆغزادی وان لەناو لەشکری بەگزادە دا، بە یەک دەفعە لەشکری پشتماڵە و تەرخانی و ڕۆغزادی ئەڕژێنە ناو کۆچ و ماڵیان، بە تەواوی تاڵان ئەکرێن. خۆیان و ژنیان خەلاس ئەبن، بەسەڵتەسوارە ئەچنە چەمچەماڵ ئەلای بەگزادەی هەمەوەند. تاقمی فەقێ قادر جوابیان ئەدەن، لەوێ ئەچنە داری کەلی ئەماڵی جوامێر.

جوامێر پێیان ئەڵێ: لەناو عوموومی هەمەوەند و عەشایرەکانی خاریجی جاف خۆم بە جانفیدای محەمەد پاشا زانیوە، ئیسە کە پەناتان هاوردووە من دەرتان ناکەم و نایشتوانم موقابەلەی کوڕی محەمەد پاشا و جاف بکەم، هەر وەکوو ئێوە فیرار بوون منیش تەکتانا فیرار ئەبم، ئێوەش بۆیە هاتن منیش دووچاری ناڕەحەتیی بکەن و ئەم خەبەرە سەید ئەحمەد ئاغای کفری بە تەلغراف ئەیدا بە مەحموود پاشا لە سلێمانی.

مەحموود پاشایش لەتەک عوسمان پاشادا لە سلێمانی خەبەر ئەنێرن بۆ حەسەن بەگ لە ئەڵەبجە ئەویش لەشکری نەورۆلی و شارەزوور هەر ئەو ڕۆژە سێیەد سواری لەتەک خۆیدا ئەبا بۆ لای مەحموود پاشا و عوسمان پاشا لە قڕگەی سلێمانی ئەگاتە مەحموود پاشا، عوسمان پاشا وەقتێ کە تەلغرافەکە ئەبینێ ئەوەندە ئەسەف ئەخوا و ئەم موعامەلەی لا ناخۆش ئەبێ، ئەکەوێ و دووچاری عیللەتی «تیفۆ» ئەبێ، کە ئێمە پێی ئەڵێین سێ تەڵان. هەرچە سواری بنەی ڕۆغزادی و تەرخانی ئەبێ ئەوانیش عەلاوەیان ئەبن و لەوێوە بە سەنگاودا مەحموود پاشا دێت بۆ قولیجانی سەرحەد، حەوتسەد سواری ڕۆغزادی و تەرخانی عەلاوەی لەشکرەکەی ئەکات. بە هەزار و دووسەد سوارەوە ئەچێتە کەرکووک موخابەرە لەتەک ئەستەمووڵ ئەکا، ئەمری ڕیاسەت و قایم مەقامی بۆ مەحموود پاشا ئەدەن و هەزار نەفەر عەسکەر بۆ ناو جاف ڕەوانە ئەکەن.

مەحموود پاشا لە کەرکووکەوە دێتە پێباز بۆ ناو پشتماڵەی مەحەمەد پاشا. مەنعی تەعزییە ئەکات، ئەڵێت: تەعزییە بۆ مردنە بۆ کوشتن نیە، تەعزییەی کوژراو ئیقدامکردن بۆ حەقیەتی و پشتماڵە بار ئەکەن ئەیبەنە عەنەبی پشتی ئەڵەبجە و لەشکرێکی زۆر گەورە لە عوموومی جاف ئەخەنە ڕێ بۆ سەر جوامێر بۆ داری کەلی و باڕۆیی، بە سێ هەزار و پێنجسەد سوارەوە ئەچنە سەری. جوامێر کە ئەم خەبەرە وەرئەگرێ لەتەک ئەو فیرقە شاترییەدا فیرار ئەکەن ڕوو بە کرکووک، ئەمانیش تەعقیب ئەکەن لە تاووغەوە بە شوێنیانا ئەڕۆن بۆ دەشتی قورفە، تووشیان نابن!

هەمەوەند و شاتری لای قەرەخانەوە ئەپەڕنەوە، لەشکری بەگزادەی جاف لای توویل کە نوقتەی کۆردەرەیە ئەپەڕنەوە، لەشکری بەگزادە کە دێنە قزرابات ئەمێنن، بۆ ئیسراحەتی لەشکرەکە. لەوێوە بە خانەقیدا دێنە بنکوورە و ئەچن بە شوێن هەمەوەند و شاتریدا بۆ قەسری شیرین. لای قەسردا نزیکی پەنجا سواری لەشکری ڕۆغزادی چاویان بە قیسمێ لە سوارەیان ئەکەوێ، پەلاماریان ئەدەنێ. مەحموود پاشا دەست ئەکا بە توندی بەسەر ئەوانا، ئەڵێ: ئێوە خەیاڵتان ئەمەیە قەسر تاڵان بکەن، خەیاڵتان شەڕ نییە.

هەر چەند هاوار ئەکەن مەحموود پاشا بەری لەشکرەکە ئەگرێ و نایەڵێ سوارێکی زڕوات و ئەگەڕێنەوە سەوزبوڵاقی بنکوورە، کە تەحقیقات ئەکەن ئەو سوارانە لەشکری هەمەوەند و شاتری بووە، بەگزادەکان زۆر لە مەحموود پاشا عاجز ئەبن. هەر ئەو شەوە دوو پیاو بە قەراوڵی ئەنێرنە سەریان لە زەهاو تووشیان ئەبن و ئەگەڕێنەوە بۆ ناو لەشکر. شەو لەشکر سوار ئەبێ و ئەچنە سەریان، لەتەک بەیانیدا لە زەهاو ئەچنە جێگەی ئەوان، کە تازە باریان کردووە، بە شوێنیانا ئەڕۆن لە پاش نیو سەعات تووشیان ئەبن، شەڕیان ئەبێ و ئەیان شکێنن، ڕوو بە داڵەهۆ فیرار ئەکەن، لە داڵەهۆدا دەوریان ئەگرن. برای جوامێر، دەروێش ئاغا، ئەکوژرێ و قادر حەمەڕەشی ئامۆزاشی ئەکوژرێ. تاڵانیان ئەکەن و چل کەسیان لێ ئەکوژن و سەری ئەو چل کەسە ئەبڕن و ئەیهێرن لە ئۆردوودا تەسلیمی میر ئاڵا ئەحمەد شەمسی بەگی ئەکەن لە شێروانە.

ئەم شەڕە ناو ئەبرێ لەناو جافدا بە شەڕی داڵاهۆ، لە پاش یەک مانگ تەعقیب تووشیان ئەبن و ئەم شەڕە ئەبێ. مەحموود پاشا و بەگزادەکان لە شێروانەوە ئەگەڕێنەوە بۆ پشتماڵە لە عەنەب.

لە لەشکری بەگزادە حاجی قادری ئەحمەد سوار، کە گەورەی فیرقەی محەمەد عەلی وەیسی میکایەڵی یە و باوکی حەسەنی حاجی قادر بووە.. زامدار ئەبێ، ئیتر کەسیان ناکوژرێ ئەمما بیست ماین و ئەسپیان لێ ئەکوژرێ و بە گەیشتنی پشتماڵە- پشتماڵە بار ئەکەن ئەیبەنە بەردەمی پێنجوێن، جێی پێشووی خۆیان.

محەمەد پاشا حەوت کوڕی بووە: مەحموود پاشا و عوسمان پاشا و حەسەن بەگ و سڵێمان بەگ و محەمەد عەلی بەگ و قادر بەگ و فەتاح بەگ. لە عوموومیان گەورەتر مەحموود پاشا ئەبێ و باقیی گەورەیی عومریان بە تەرتیبی ئەم نووسینەیە.

محەمەد پاشا لە ڕەئیسە پێشووەکانی جاف لە هەموویان زیاتر دەستی ڕۆییوە و زۆریش دەوڵەمەند بووە و تیجارەتێکی زۆر موهیممی کردوە، ئەغڵەبی سەرفیاتی لە تیجارەتی خۆی بووە. دایمەن بیست هەزار سەر مەڕی بووە و هەشتسەد ماینی یەلخی لە سەحرادا بووە، هەر وڵاخێ کە دابێتی بە سوارەی خۆی لەو یەلخیانە پەیدا بووە پارەی پێنەداوە، هەموو ساڵێ دوانزە هەزار تەغار گەندم لە دێهاتی ئێران بە پارەیەکی جوزئی سەندوویەتی، جاف موکەللەف بوون بە وڵاخی خۆیان بێرنیە گەرمیان و سەد و پەنجا جووت لە قەزای ئەڵەبجە و ناحیەی وارماوا و ناحیەی شێروانەدا بوویەتی، قانزاجی ئەمانەی ئەدا بە ئەسلیحەی ئەو وەقتە بۆ دەستی سواری خسووسیی خۆی و لە ئەترافی خۆیدا نە عەشیرەتی خۆی و نە غەیری تریش کەس نەبووە بەرامبەریی بکا. ئەگەر کەسێ بیکردایە قابیل نەبووە سەرفی نەزەری لێبکا و حەقی لێ نەسێنێ.

خزر ئاغای هەمەوەند کە باوکی مەحموود خزری سەرفوەند بووە لە هەمەوەند لە حوکوومەتی تورک عاسی بووبوو، ئەچێتە خاکی ئێران، لە ماڵی خۆیەوە بەعزێ تەعەڕۆزی زوبانی بە محەمەد پاشا ئەکا. لە کوێستانی ئێران خەبەری ئەم قسانە ئەدەن بە محەمەد پاشا، کە ئەو خەبەرە وەرئەگرێ بە هەزار و حەوتسەد سوارەوە لە سان ئەحمەد، کە مەوقیعێکە چواردە سەعات لە سنەوە دوورە، دێت بۆ سەر خزر ئاغا لە مەیدان ناحیەی هۆرێن و شێخان و ئەو وەقتە ئەو مەوقیعە داخڵی خاکی ئێران بووە و دووسەد سواری هەمەوەندی لەلا ئەبێ. خۆی و سی و پێنج کەسیان ئەکوژێ.

لەم نەوعە موعامەلەیانەی زۆر بووە، ئەگەر هەمووی بنووسم زۆر توولانی ئەبێ. بەم کەمە نیهایەتم هێنا، پێنجوێن و ئەڵەبجە کە ئیسە دوو قەسەبەن، لە پێش محەمەد پاشا دوو دێی بچووک بوون، ئەو کردنی بەشار. قەیسەری و حەمام و چایخانەی تێدا کردن و بوون بە شار و لە ناحیەی قەرەداغا قیسمێکی گەورە دووکان و چایخانەی لە دێی زەردی ئاوا درووست کرد. قەڵای شێروانە و لەتەک قیسمێ لە قەڵای کانی چەقەڵا بینای ئەون و خانوویەکی زۆر گەورەشی لەسەر گردی بەکراوا بوو، بە واسیتەی ئەمە کە خاکی شارەزوور کەم دەوامە زۆر دەوامی نەکرد و دوو مزگەوتیشی هەیە، یەکێ لە ئەڵەبجە و یەکێ لە پێنجوێن. مزگەوتی ئەڵەبجە ئیستەش دەوام ئەکا و ئەساسی تاپۆی ئەڕازی و ئاو، ئەو بۆ بەگزادەی داناوە و هەرچە بەگزادەی کەیخوسرەو بەگی ئیستە کە مەوجوودە، ئەولادی ئەون، خاریجی یەک دوو کوڕەزای ئەوڕەحمان بەگ نەبێ کە کوڕی کەیخوسرەو بەگ بووە.