فەسڵی حەوتەم

لە کتێبی:
تەئریخی جاف
بەرهەمی:
کەریم بەگی جاف (1885-1949)
 7 خولەک  1746 بینین

بەحسی کوڕەکانی کەیخوسرەو بەگە لە تەئریخی هەزار و دووسەد و چل و چواری هیجریدا. سڵێمان بەگ کە ئەرشەدی ئەولادی بووە، ئەبێ بە ڕەئیس و لە جێی کەیخوسرەو بەگ دائەنیشێ و لە تەئریخی هەزار و دووسەد و چل و پێنجی هیجریدا لەشکری والیی سنە، کە حوکوومەتی ئەردەڵانە، دێن بۆ سەر سلێمانی، حاکمی بەبە تەلەبی یاریدە لە سڵێمان بەگی کەیخوسرەو بەگ ئەکا، سڵێمان بەگ عەبدوڵڵا بەگی برای بە دوو هەزار سواری خسووسیی خۆیان و جافەوە ئەنێرێ بۆ سلێمانی، لە گردە گڕوێ کە نزیکی سلێمانییە و کەوتۆتە شیمالی سلێمانی لەتەک لەشکری بەبەدا لەو مەوقیعە لەتەک لەشکری ئێراندا ئەبێ بە شەڕیان، لەشکرەکەی ئێران لە پاش هەشت، نۆ سەعات مودافەعە ئەشکێنن، ڕوو بە شارباژێر تەعقیبیان ئەکەن، زۆریان لێ ئەکوژن، لە ئاخری شەڕدا گوللەیێ تەسادوفی قاچی عەبدوڵڵا بەگ ئەکا، زۆر کەم زامار ئەبێ، لەتەک ئەوەشدا کە زامەکەی زۆر بێ ئەهمییەت ئەبێ پێی ئەمرێ و ئیستە قەبری عەبدوڵڵا بەگ لە مەقبەرەی حاکمانی بەبە لە گردی سەیوانی سلێمانیدایە.

بۆ موحافەزەی تێکنەچوونی ئیستیقلالی بابان زۆر بەگزادە لە بەگزادەکانی جاف و پیاوی چاکی جاف کوژراون و بەم ڕەنگە ڕۆیون و خۆیان فیدای وەتەنی کورد کردووە و ناویشیان نییە. ئەمەش بە واسیتەی ئەمەوەیە کە ئومەرا و پاشاکانی کورد موبالاتیان بە تەئریخی کورد نەکردووە و تیکرار ئەینووسم و بەیانی دڵگیری ئەکەم کە ڕابوردووی هەموو میللەتێ ئەچێتە غەوری تەئریخەوە ئەمما ڕابوردووی کوردی بێچارە چۆتە ژێر خاکوخۆڵی بێ تەئریخیوە! ئەگەنا ئەتوانم بنووسم بۆ موحافەزە کردنی ئەم خاکە کەمەی بابانە نیوەی میللەتەکەی خوێنی خۆی وژاندووە، وە ناویشیان نییە.

وە ئەم عەبدوڵڵا بەگە عومری بیست و دوو ساڵ بووە، کوڕێکی زۆر لاوچاک و جوان بووە، جوانیی و شەوکەتی ئەو لە کوردستانی بابان و ئەردەڵانا مەشهوور بووە و لەو زەمانەدا کە جاف و بەگزادەی جاف داخڵی خاکی ئێران بوون ڕەسمی حوکوومەتی قاجاری ئەمە بووە کە تەلەبی گرەویان کردووە لە بەگزادەی جاف بۆ موحافەزەی خاکی ئێران لە تەعەڕوزی جاف. ئەم عەبدوڵڵا بەگە چوار ساڵ هەموو هاوینێ بە پەنجا سوارەوە چووەتە خزمەت شا لە تەهران زۆر حورمەتی گرتووە و زۆریشی خۆش گەرەک بووە، حەتتا لەپاش کوژیانی کە بەگزادەی تر لە جێی ئەو ئەچێتە تەهران زۆر ئەسەفی بۆ ئەخوا و کاغەزی تەعزیەی بۆ سڵێمان بەگی برای ئەنووسێ و ئەو کاغەزە ئیستەیش ماوە. عەبدوڵڵا بەگ پیاوێکی زۆر موتەمەددین و تەحسیلی جاریی ئەو وەقتەی زۆر تەواو بووە و دوو ساڵ یا سێ ساڵ لەپێش کوژیانیا لە کوێستانی ئێران دووچاری نەخۆشییەکی زۆر خراپ ئەبێ، کەیخوسرەو بەگی باوکی، کاغەز ئەنووسێ بۆ خزمەت شای ئێران حەکیمێکی خوسووسیی خۆی بۆ ئەنێرێ، تەداوییەکی زۆر چاکی ئەکا و لەو نەخۆشییە نەجاتی ئەبێ و هەموو ساڵێ شای ئێران خەڵاتی ئەکا. یەکێ لەو خەڵاتانە ساڵێ کتێبێکی شاهنامەی خەت خۆشی سوورەتداری ئەداتێ تا ئەم بەینە مابوو، لەم نزیکانەدا حەسەن بەگی عەلی بەگ لە بەغدا بە عەنتیکەیی فرۆشتی.

لە تەئریخی هەزار و دووسەد و چل و هەشتی هیجریدا لە وەقتی زوستاندا کە عەشایری جاف دێنە جێی زوستانە عەشیرەتی سەدانی و بەداخی لە خاکی ئێران ئەبن، لە ئەیالەتی کرماشانەوە عەسکەرێکی زۆری ئێران بۆ سەر قادرمیروەیسی و تایشەیی حەواڵە ئەکرێ، ئەوانیش بە حەسبەیی جافێتی و هاوجینسێتی وە سەدانی و بەداخی کە دراوسێیان ئەبن دێن بۆ ناو ئەوان، وە کوێخاکانی سەدانی و بەداخی خەبەر ئەنێرن بۆ سڵێمان بەگ، ئەویش قادر بەگی برای بە پێنجسەد سواری خوسووسیی خۆیەوە ئەنێرێتە ئەوبەر سیروان کە بەداخی و سەدانی بار بکات بیانهێرێ بۆ ناو جاف، کە لە تەعەڕوزی عەسکەری ئێران مەحفووز بن. گەیشتنی قادر بەگ ئەناو سەدانی و بەداخی تەسادوفی لەشکری عەسکەری ئێران ئەکا کە لەتەک تایشەیی و قادرمیروەیسیدا شەڕیان ئەبێ.. ئەکا، گوللەیێ تەسادوفی قادر بەگ ئەکا بە لەشکرەکەی خۆی ناڵێ زامارم! ئەمما تەحریکیان لەسەر شەڕ ئەکا، لەشکرەکەی ئێران ئەشکێنن و سەدانی و بەداخی بار ئەکات، ئەیانهێرێتە ئەمبەری سیروانەوە و خۆشی کە ئەگاتە ماڵ لەپاش دوو سەعات بەو زامە ئەمرێ. سڵێمان بەگی برای لە ئەسەفی ئەودا کوتوپڕ نەخۆش ئەکەوێ لەپاش دوو ڕۆژ ئەویش بە ڕەحمەت ئەچێ.

ئەم قادر بەگە ئەگەرچە سڵێمان بەگ براگەورەی بووە و وەزیفەی گەورەیی تەواو بەدەست ئەوەوە بووە، ئەمما هەر ئیشێ کە ڕووی کردبێتە جاف، چە لە تەرەفی بابانەوە و چە لە تەرەفی ئەردەڵانەوە عوموومی جێبەجێ کردنی لە عۆدەیی قادر بەگا بووە، وە لە داخڵی جافیشدا کەم و زۆر ئیش و کار و تەکلیف سەندن و ئومووراتی سوارەی خوسووسیی خۆیان لە پشتماڵە و تایفەکانی جافدا ئەو جێبەجێی کردووە، سڵێمان بەگ هەر ئیسمی گەورەیی بووە و ڕەواجیشی بە عیلم و عیرفان لە مەحاڵی خۆیاندا زۆر داوە. ئیستەش سێ مزگەوت لە ئەترافی ئەڵەبجە کە بینای ئەوە، ماوە، یەکێکیان لە هانەسوورەیە دایمەن لە سەد و پەنجا تەلەبەی عیلم زیاتر لەو مەدرەسانەدا بە خۆیان و مەلایانەوە ئیدارەی تەواوی لە تەرەفی قادر بەگەوە تەئمین کراوە. لە پاش مردنی ئەهلی عیلم و مەعاریف لە وڵاتی خۆیدا زۆر موتەئەسیر بوون بۆی و نزیکی بیست مەرسیە زیاتر بۆیان هەڵبەستووە خسووسەن شاعیری مەشهووری کورد جەنابی مەولەوی چەند مەرسیەیەکی بۆ وتووە، بۆ دواکەوتوانی ئەو زۆر عاجزیی ئەدا و ئەم دوو، سێ شیعرە لە مەرسیەکانی مەولەوییە:

شارەزوور ماتەن پەی نەدینی تۆ
ڕەوان کەرد ئەسرین زەڵم و تانجەرۆ
عەمەلە ماتەم، پشتماڵە بێ ڕەنگ
سەرکۆمار بێ زەوق، مەدرەسە بێ دەنگ
شێروانە جە فکر شکاربازیی تۆن
ئینتیزار وە دەنگ زەنگی تازیی تۆن

ئەم قادر بەگە هەر چلۆنێ قادر بەگی زاهیر بەگ جێی جافی لە ئێران ویسعەت پێ دا وە داگیری کرد، ئەمیش ویسعەتی بە جێی زوستانی داون. عەشیرەتی دەلۆ و گێژ و پاڵانی و ڕۆژبەیانی و وەنایی و هۆمەراغاجانی و... ئەمانەی بار پێ کردوون و خستوونیە خوار کفریوە و جافی تێدا دامەزرانووە. خزمەتی زۆری بۆ جاف و بەگزادە بووە و قەبری ئەو و سڵێمان بەگی برای هان لە مەقبەرەی «سەید خەلیل» سەعات و نیوێ لە شیمالی شێروانە، گۆمەزێکی گەورە کە وان تێیدا ئیستەش ماوە و تەئریخی مردنیان لە بەردی قەبرەکەیان نووسراوە و قادر بەگ و سڵێمان بەگ کوڕیان نەبووە. قادر بەگ دوو کچ و سڵێمان بەگ یەک کچی بووە کە ئەم سێ کوڕەی کەیخوسرەو بەگە لە موددەتێکی زۆر نزیکا ئەمرن. محەمەد پاشا کە برایان بووە و منداڵ بووە، بە عومری شانزە ساڵیوە ئەمێنێتەوە لە دوایان.

محەمەد بەگی قادر بەگی سڵێمان بەگ کە ئامۆزایان ئەبێ و لەو وەقتەدا زۆر ساحێب دەست ئەبێ هەر وەکوو کەیخوسرەو بەگ لە پاش مردنی سڵێمان بەگ تەعەڕوز بە حقووقی ئەو محەمەد بەگە ئەک.، ئەویش تەماع ئەکاتە ئێل و پشتماڵەی محەمەد پاشا. لە وەقتی تەعزیەی سڵێمان بەگ و قادر بەگی کەیخوسرەو بەگدا حوکم ئەکا لە پشتماڵەی محەمەد پاشا باریان بکا بیانباتە پشتماڵەی خۆی، پیاوە گەورەکانی پشتماڵەی محەمەد پاشا لەتەک گەورەی عەمەڵە و شاتریدا تەدبیر ئەکەن بۆ مەنعی ئەمە. ئەچنە لای محەمەد بەگی قادر بەگ ئەڵێن: ئێمە بە هیچ نەوعێ ئەمە قوبووڵ ناکەین و محەمەد پاشا با منداڵیش بێ، نایدەین بە دەست تۆوە، هەرچی تەکلیفی ئێلی و عەشیرەتیی هەیە خۆمان گردی ئەکەینەوە، ئەیدەین بۆ ئیدارەی خۆی و پشتماڵە و عەمەڵە و لەشکری و لە عەینی وەقتدا کچی محەمەدی برایم کە ڕەئیسی فیرقەی برایمی ئەبێ لە شاتری، بۆی مارە ئەکەن. مەحموود پاشا و عوسمان پاشا کە کوڕی محەمەد پاشان لەو ژنەن.