فەسڵی سێیەم
بەیانی تایفەکانی جاف لە جوانڕۆ کە داخڵی ئەیالەتی سنەیە و ئەوانەیان کە هان لە ئەیالەتی کرماشانا:
قوبادی: هەشتسەد ماڵ ئەبن، وان لە جوانڕۆدا، گەڕیاون و دانیشتوویشیان هەیە لە جوانڕۆ و مەحاڵی خۆیانا، بە هاوین ئەچنە کەژی شاهۆ و بەنی گەز. ئەمانە ئێڵی حەبیبوڵڵا خانن، سێسەد سوار وسێسەد پیادەی تفەنگداریان ئەبێ.
باوەجانی: ئەمانەش هەزار و پێنجسەد ماڵ ئەبن، بە هاوین ئەچنە بەنی گەز و شاهۆ لەتەک قوبادیدا ئەچنە چەمی خانا شوور و [لوشە]، ئەمانەش پێنجسەد سوار و پێنجسەد پیادەی تفەنگداریان ئەبێ، ئەمانە بە عوموومی ڕەعیەتی حەبیبوڵڵا خانن.
ئیمامی و یەناخی: ئەوانیش پێنجسەد ماڵ ئەبن. ئەم تایفەش ئێڵی حەبیبوڵڵا خانن و ئەمانیش بە هاوین ئەچنە بەنی گەز و شاهۆ و زوستانان دێنە پشتی کەژی شنروێ بەڕووی ئێرانا تا سەرچەمی سیروان دائەنیشن.
قادر وەیسی و تایشەیی: ئەم دوو تایفەش جافن و داخڵی ئەیالەتی کرماشانن. زوستان لە سەرقەڵا و جێگیران تا ژووری فۆرەتوو دائەنیشن و بە هاوین ئەچنە داڵاهۆ. ئەم دوو تایفە هەشتسەد ماڵ ئەبن بە گەڕیاو و دانیشتوویان. گەورەی تایشەیی ئەلی سوڵتانە، هەردوو لایان سێسەد سوار و سێسەد پیادەی تفەنگداریان ئەبێ و گەورەی قادر میروەیسی، مستەفا مەحموود نەزەرە.
کۆیک و نێرژی: ئەمانیش داخڵی ئەیالەتی کرماشانن، بە زوستان لە زەهاو دائەنیشن و بە هاوین ئەچنە داڵاهۆ. گەورەی ئەمانە ڕەزا خانی کوڕی یاروەیس سوڵتانە و ئەمانە دووسەد سوار و دووسەد پیادەی تفەنگداریان ئەبێ و هاروونی لەتەک ئەم دوو تایفەدا یەک ڕەگن، لە یەک جیابوونەتەوە.
دەروێشی و وەڵەدبەگی و دەلەژێری: ئەم سێ تایفەیە وەڵەدبەگییان پێ ئەڵێن، هەر سێ تایفەکەیان شەشسەد ماڵ ئەبن، گەورەی ئەمانە بەهرام بەگی کوڕی فەتاح بەگی سەعید بەگە. ئەمانیش داخڵی ئەیالەتی سنەن، بە هاوین ئەچنە بەنی گەز و کڕێوە و دەوڵەت ئاوا و زوستانیش دێنە سەرقەڵا و جێگیران و تەرەفی شەواڵ دڕە و کەلی تیلەکۆ. دووسەد سوار و دووسەد پیادەی تفەنگداریان ئەبێ و زۆر ئازاشن.
کۆکۆیی و زەردۆیی: ئەم دوو تایفە وان لە جوانڕۆ، سیسەد ماڵ ئەبن. پیاوی وەکیلی جوانڕۆ عەبدولغەفوور بەگن و بە هاوین ئەچنە شاهۆ و پەنجا ماڵیشیان وان لە قەزای هەڵەبجەشوێن و زەردۆییش مەحەللەیەکیان لە کرماشان هەیە.
عەلی ئاخەیی و پەپڵی: ئەم دوو تایفەیە دووسەد ماڵێ ئەبن، عەلاوەجاتی وەڵەدبەگی و تایشەیی و قادر میروەیسین.
تاوەگۆزیی ئێران: پێنجسەد ماڵ ئەبن و ئەمانیش ئێڵی حەبیبوڵڵا خانی جوانڕۆن، بە هاوین ئەچنە بەنی گەز و کڕێوە و شاهۆ، دووسەد سوار و دووسەد پیادەی تفەنگداریان ئەبێ. عوموومیان پیاوی حەبیبوڵڵا خانی جوانڕۆن، لەتەک تاوەگۆزیی خاکی عێراقا یەکێکن و زوستانیش دێنە نزیک شت قەڵای شەمێران و گومە و پشتە.
دڕۆیی: سێسەد ماڵ ئەبن و ئەمانیش بە هاوین ئەچنە شاهۆ. گەڕیاون، دانیشتوویشیان هەیە، گەورەیان فەرەجی فەتاحە کە مەشهوورە بە فەڕەجوڵڵا خان، سەد سوار ودووسەد پیادەی تفەنگداریان ئەبێ، زۆر ئازاشن.
کوێرەکی: سەد ماڵێ ئەبن لە ناحیەی هۆرێن و شێخان دائەنیشن و لەبەر ئەمە لە پێش تەحدیدی حدوودا داخڵی ئێران بووە، لەتەک جافی ئێرانا بەحسم کردن و ئەمانە گەڕیاو نین، ئیستە داخڵی خاکی عێراقن.
حەبیبوڵڵا خان کە ڕەئیسی قوبادی و باوەجانی و تاوەگۆزی و ئیمامی و ئێناخی بووە، سی و چوار کوڕی بووە، عوموومیان سوار بوون، نزیکی دە کوڕیان ساحێب پشتماڵە و بەشیان لە ئێڵا بووە. سیانیان لە گشتیان قابیلتر بوون، مستەفا خان، محەمەد بەگ کە لەقەبی ئەمیر ئەسعەدە و محەمەدتەقی بەگ. حەبیبوڵڵا خان بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر مردووە، کوڕی گەورەی کە مستەفا خان بووە جێداری بووە، زۆر تەرەقی کرد و عوموومی جوانڕۆی کەوتە ژێر دەست و هەرچە جافی جوانڕۆ بوو تەکلیفی ئێڵی و عەشیرەتییان وەکوو تایفەکانی خۆیان ئەیاندایە و ئەو دێهاتانەی کە ئێستە وان بە دەست کوڕانی جەعفەر سوڵتانی حاکمی هەورامانی لهۆنەوە گشتی بەدەست مستەفا خانەوە بوون تاکوو پانزە ساڵ لەمەوبەر. ئیقتیداری گەیشتە دەرەجەیێک عەشرەتی هەمەوەند کە حوکوومەتی تورکیان تەزییق کردبوو بە خراپە کردن و جەردەیی، حوکوومەتی تورک لە پاش ئینقیلابی سلانیک و مەشرووتییەت دوو ساڵ خەریکی تەدبیر بوو بۆ تەربییەتی هەمەوەند، میقدارێکی زۆر عەسکەری پیادە و سوارە لەژێر قوماندەی مەزهەر بەگی میرئاڵادا و عوموومی عەشایرەکانی لیوای کەرکووک و لەشکری جاف سەوقی چەمچەماڵیان کرد. هەمەوەندەکان عوموومی فیرقەکانیان لە چەمچەماڵ و بازیان دەرچوون و چوون بۆ جوانڕۆ لای مستەفا خان، ئەویش بە بەگزادە و گەورەکانی هەمەوەندی وت: ئەگەر عومووم لای من دائەنیشن عوموومتان ئیدارە ئەدەم. ئەم هەزار و دووسەد سوارە بە تەواوی بوون بە تەبەعەی مستەفاخان. لە عەینی وەقتدا عەلی ئەکبەر خانی کوڕی شێرخانی کوڕی ئەسەد خانی حاکمی سنجاوی لەتەک سەردار موزەفەری حاکمی کەڵهوڕ، کە داود خانە، بە شەڕ هاتن. عەلی ئەکبەر خان هاواری ناردە لای مستەفا خان، مستەفا خانیش پەنای دا، داود خان بە عوموومی سوارەی کەڵهوڕ و هەمەوەند و بێتووییوە، وە تەلەبی ئیمدادیشی لە والیی کوردستان کردبوو، ئەویش میقدارێ لەشکری بۆ ئەنێرێ، عەلی ئەکبەر خان کە ئەم هەشت، نۆ هەزار سوارە دێت بۆ سەری خەبەر ئەدا بە مستەفا خان، لە بێ بەختیی مستەفا خان لەو ڕۆژەدا هەمەوەندەکان بە چوار تاقم بۆ دەوری کەرکووک و سلێمانی و چەمچەماڵ ئەڕۆن بۆ جەردەیی. سەد سوارێکیان لای مستەفاخان ئەبێ.
مستەفا خان لەشکری خۆی و هەمەوەند، هەزار سوارێ ئەبا بۆ یاریەدانی عەلی ئەکبەر خان، ئەبێ بە شەڕیان، لەشکری داود خان ئەشکێنن، مستەفا خان لە وەقتی شەڕدا لەسەر ماین ئەکەوێ و ملی ئەشکێ، ڕەحیمی کاک ئەوڵای عەزیزی خاڵەی هەمەوەند و زۆراو وانک هەمەوەند ئەکوژرێن، کە دوو پیاوی زۆر ئازا و گەورە بوون لەناو هەمەوەندا.
لەشکری داود خان کە ئەزانن مستەفا خان نەماوە ئەگەڕێنەوە دووبارە ئەبێ بە شەڕیان، سەد کەس لە لەشکری داود خان ئەکوژرێ.
بە فارسی ئەڵێن: «سەد سەر بە توربەیێ و یەک سەر بە توربەیێ!» حسابی مستەفا خانیش هەر وەهایە. گوم کردنی پیاوێکی وەکوو مستەفا خان قووەتی مەعنەوی بۆ لەشکری جوانڕۆ نایێڵێت، هەردوو لەشکرەکە ئەگەڕێنەوە وە لە یەک جوێ ئەبنەوە.
لە دوای مستەفاخان گەورەیی عەشیرەتەکانیان کەوتە دەست محەمەد بەگ، ئەو بە عەکسی مستەفاخانی برای، فیتنەیی خستە ناو براکانی وە پانزە برای لەناو خۆیانا یەکتریان کوشت و محەمەدتەقی بەگی برای کە بۆ ئەوە ئەشیا ناوی بچێتە ناو لاپەڕەی تەئریخەوە، بە دەستی خۆی، بە تەحریکی سەردار ڕەشیدی حاکمی ڕوانسەر، کوشتی و لەتەک محەمەد ساڵەح بەگی کوڕی مستەفا خانا کە ئەویش وەکوو باوکی پیاوێکی زۆر چاک بوو کردی بە شەڕ، دوو برای محەمەد ساڵەح بەگی بە ناحەق کوشت! ئەمما بەسەر محەمەد ساڵەح بەگا موەفەق نەبوو، محەمەد ساڵەح بەگ ئێڵی قوبادیی برد بۆ خۆی تاکوو حەوت ساڵ لەمەوبەر بە دەستیەوە بوو. محەمەد ساڵەح بەگ مرد، ئەحمەد بەگی برای زۆر پەلەپەلی کرد موقابەلەی محەمەد بەگ بکا نەیتوانی. محەمەد بەگ خۆی و کوڕەکەی ها بەسەر قوبادی، تاوەگۆزی و باقی دێهات و عەشیرەتەکەیەوە.