ئافرەت و جوانی

لە کتێبی:
بەهەشت و یادگار
بەرهەمی:
گۆران (1904-1962)
 1 خولەک  4972 بینین
بە ئاسمانەوە ئەستێرەم دیوە
لە باغچەی بەهار گوڵم چنیوە
شەونمی درەخت لە ڕووم پژاوە
لە زەردەی زۆر کەل سەرنجم داوە
پەلکەزێڕینەی پاش بارانی زۆر
چەماوەتەوە بەرامبەر بە خۆر
هەتاوی نەورۆز، مانگی جۆدرەو
زۆر هاتوون و چوون بە ڕۆژ و بە شەو
خوڕەی قەڵبەزی کەفزیوینی چەم
لە هەزار چەشنە پرشنگی ناو تەم
میوەی گەیشتووی زەرد و سووری باخ
جریوە و جووکەی دارستانی شاخ
لە گەرووی شمشاڵ، لە تەلی کەمان
گەلێ هەڵساوە ئاوازەی جوان جوان
ئەمانە هەموو جوانن، شیرینن
رۆشنکەرەوەی شەقامی ژینن!
بەڵام تەبیعەت هەرگیزاوهەرگیز
بێ ڕووناکییە بێ بزەی ئازیز!
بێ ئاوازەیە دەنگە نەرمەکەی
با نەیدا لە گوێم، تێر نەڵێم ئۆخەی
کام ئەستێرەی گەش، کام گوڵی کێوی
ئاڵە وەک کوڵمی؟ گۆی مەمکی؟ لێوی؟
کام ڕەشی ئەگا بە ڕەشیی چاوی؟
برژانگی؟ برۆی؟ ئەگریجەی خاوی؟
کام بەرزی جوانە وەک بەرزیی باڵای؟
کام تیشک ئەگاتە تیشکی نیونیگای؟
کام تاسە، کام مەیل، کام چاوەنواڕی
تەلیسماوییە وەک هیی دڵداری؟