پێشەکی
پێشکەش بۆ
ئەو شۆخ و نازدارانە کە جوانییان وەک تیغ نابڕێ، وەک چرا پێش چاو رووناک ئەکاتەوە!
سەرەتا
«بەهەشت و یادگار» کۆمەڵە شیعرێکە لە دیوانەکەم سەرانسەر لەگەڵ بابەتەکانی جوانی و دڵداری خەریکە. هەڵبەستی وای تیایە بیست و پێنج ساڵ، بەڵکوو زیاتر لەمەوپێش دانراوە، هەروەکوو هی چەند مانگێک لەمەوبەریشی تیایە. بەشی زۆری کۆنەکان بە وەزنی عەرووز و کوردییەکی کۆنی تێکەڵاو بە زمانی بێگانە نووسراون. ئوسلووبیشیان کۆنە یان وەک هی «سالم» و «نالی» لەسەر پێوشوێنی غەزەل هەڵبەستراون، یان ئەو جۆرە ئوسلووبەیان تیا کراوە بە سەرمەشق کە مامۆستا «م.نووری» و هاوڕێکانی لە ئەدیبە تازەکانی تورکی عوسمانییان وەرگرت و لە سەردەمێکی سنووردارا -١٩٢٠-١٩٣٠- شیعری کوردیی ناوچەی سلێمانییان پێ تازە کردەوە.
ئەم کۆنانە زۆربەیان، بە ناوی یادگاری کۆنەوە، کراون بە بەشێکی جیاواز، خراونەتە لای دواوەی ئەم نامیلکەیەوە. بەڵام گەلێکیان لەباری سەرنجی نرخی ئەدەبییانەوە ـ دیارە بەپێی بۆچوونی خۆمـ لەگەڵ تازەکان تێکەڵ کراون.
شیعرە تازەکان بە وەزنی پەنجە -هیجا- هەڵبەستراون کە هەرچەند شیعردۆستەکانی کۆن بە خوێندنەوەی رانەهاتوون، بەڵام لەبەر ئەوەی وەزنی تایبەتی نەتەوەییمانە و لەگەڵ خەسائیسی زمانەکەمان چاتر رێک ئەکەوێ، بە پێویستم زانی لە ماوەی تەقەلای ئەدەبیی خۆما، رۆژبەرۆژ بەرەو لایەنی بەکارهێنانی ئەم وەزنە بچم، تا لەم چەند ساڵەی دواییدا وەزنی عەرووزم بە تەواوی، -لام وایە بۆ ئێجگاری- بەرەڵڵا کرد، مەگەر پێویستێکی هاندەری تایبەتی روو بدا.
هەر وەکوو وتم تا چەند ساڵێک لەمەوبەر بە وەزنی عەرووز شیعرم وتووە، بە وەزنی پەنجەش لە زۆر کۆنەوە، بەڵکوو لەگەڵ وەزنی عەرووز شانبەشانی یەک، دەستم کردووە بە هەڵبەستدانان. ئەمانەش لە دابەشکردنی ناو دیوانیانا، زۆرتر بابەتیان، نەک ئوسلووب و وەزن و زمان، خراوەتە بەر سەرنجی بایەخ. لەبەر ئەوە رێگای هەرە چاک بۆ جوێکردنەوەی تازە و کۆنیان، وردبوونەوە لە زمان و لوغەتی پێنووسینیان راسپێری ئەکەم، هەچ هەڵبەستێک وشە و تەرکیبی عەرەبی و فارسیی زۆر تیا بێ، بە ئەندازەی ئەو زۆرییە، کۆنە، پێچەوانەی ئەوەش دیارە پێچەوانەیە!
دوایی، لە کاتی نووسینەوە و ئامادەکردنی ئەم نامیلکەیەدا بۆ چاپ، لە شیعرە کۆنەکاندا هەندێ وشە و تەعبیری چەوت تووش هاتم ئەمتوانی بیانگۆڕم بە وشەی کوردیی پەتی، یان بە چەشنێکی پەسەندتر و دڵگیرتر دەستکارییان بکەم، بەڵام ئەمە، لەباری سەرنجی ئەو کەسانەوە کە بە شوێن لێکۆڵینەوەی تەئریخی ئەدەبی کوردی و چۆنیەتی گەشەسکردن و گۆڕانی زمانی کوردیدا ئەگەڕێن، زیانی زۆرترە لە سوود، با بێزاریی خۆیشم لەولاوە بوەستێ لە تەقەلای شاردنەوەی خەوش و ناتەواویم بە چەشنێکی لە ئەندازە بەدەر، بەڵکوو لە سنووری ئەندازەی تێکۆشینی خەڵقیتریشا. لەبەر ئەوە بڕیارم دا دەستی دەستکارییان کەم و زۆر بۆ درێژ نەکەم و هەر وەکوو هەن و بوون بیانخەمە پێش چاوی خوێندەوارانی خۆشەویست!