ڕازی تەنیایی

لە کتێبی:
ڕازی تەنیایی
بەرهەمی:
ئەحمەد هەردی (1922-2006)
 2 خولەک  7965 بینین
ژیان و ئەرکی ناخۆشی پەپوولەی ئارەزووی کوشتم
شەرابی جامی دڵداری، لە تافی لاوییا ڕشتم
تەمی ڕۆژانی پڕمەینەت، وەها تاریک و چڵکن بوو
نیگاری خۆشەویستی دڵ، پەری ئاسایی، تیا ون بوو
شەوی تەنیایی، ڕووناکیی چرای ئاواتی، خنکانم
دەسی ناکامی، ئاوازەی دەروونی کەیلی تاسانم
ئەوا ئێستا لەگەڵ زامی
دەروونی پڕ لە ناکامی
ئەپێوم چۆڵی سەرسامی
لە تەنیاییی شەوی ژینا، ئەنێم هەنگاوی کوێرانە!
نییە دەستێ دەرم بێنێ لەناو ئەم گۆڕە وێرانە
نییە جوانێ، سەری کاسم بنێمە سەر دڵی نەرمی
کە هیلاکیی لەشم دەرکا خەوی سەر باوەشی گەرمی
ئەگێڕم چاوی بێ تینم بە تاریکیی شەوا، سەرسام
نییە پرشنگی دوو چاوێ، کە ڕووناکی بکا، ڕێگام
بە غەیەری باڵی خەمناکی
شەوی پڕ ترس و سامناکی
نییە یەک تۆزە ڕووناکی
نییە تەنیا پەریزادێ، کە پاڵم پێوە نێ، نازی
کە بەهرەی سیس و ژاکاوم ببووژێنێتەوە، ڕازی
تریقەی ئەو، تەمی ئەم یەئسە ڕاماڵێ لەسەر چاوم
وەکوو لای لایە ژیری کا، دڵی منداڵی گریاوم
بەڵێ گوێ هەڵئەخەم بێجگە لە خورپەی سست و لێدانی
دڵی پەستم، کە نووزەی دێ بە عاستەم ڕازی پەنهانی
نییە، هەر دەنگی هیچ نایێ
لە هیچ شوێنێ، لە هیچ لایێ
شەقەی باڵی شنەی بایێ!