ئەمڕۆ بە دووسەد غوسسەوە دڵ خەستە دووچارە

لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 1 خولەک  792 بینین
ئەمڕۆ بە دووسەد غوسسەوە دڵ خەستە دووچارە
بۆ هیجری ئەتۆ دەردی دڵم بۆتە شەرارە
ساڵ ساڵ غەمی هیجرانی ئەتۆ زیاتر ئەبینم
ئەمساڵ دڵی من تالیبی ڕووی عوشرەتی پارە
بێڕەحمی و بێمەیلی و ناپرسی لە حاڵم
لافاوی سروشکم کە دەڵێی سەیلی بەهارە
قوربان سەبەبی قەتلی منە سوحبەتی ئەغیار
بنواڕە دەروونم کە وەکوو کوورەیی نارە
بۆ عاجز ئەبم هەمدەمی ئەغیار و ڕەقیبی
گوڵڕەنگیی و گوڵ دیارە کە هەمسوحبەتی خارە
چۆن سینەیی من مەرکەزی دینار و درەم بێ
لەعلی لەبی تۆم بێ کە بەهای چین و تەتارە؟
گەر عاجز و گەر زویر و ئەگەر خوڕڕەم و شادی
بمبەخشە لەڕێی نەشئەی ئەو چاوەخومارە
دڵ بوو بە ئەسیری شەهی ئیقلیمی نەزاکەت
یاڕەببی بە تای پەرچەمی بیدەی لە قەنارە
گەر زێوەرناسناوی ئەدەبی ئەڵێن بۆ چی نەکەوتە سەری کێوان؟
دێوانە گەلێ تالیبی نێو کووچەی شارە