هەڵۆ
لە کتێبی:
خەوە بەردینە
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
4 خولەک
6705 بینین
پاییزە دار و دەوەن بێ بەرگە
دڵ پەشۆکاوی خەیاڵی مەرگە
هەر گەڵایێ کە لە دارێ دەوەرێ
نووسراوێکە بە ناخۆش خەوەرێ
تاو هەناوی نییە وا مات و پەشێو
لەشی زاماری دەکێشێتە نشێو
ڕۆژ پەڕە، ساردە کزەی بای زریان
کاتە بۆ ژینی لە دەس چوو، گریان
دڵی پڕ بوو لە پەژارە و لە دڵۆ
ژینی خۆی هاتەوە بیر پیرەهەڵۆ
بە قسە خۆشە مەترسیی مردن
تاڵە ئەو هەستی بە مردن کردن
کاتی کۆچ کردنە وەختی سەفەرە
داخەکەم سەختیی نەمانم لە بەرە
هەر بینا هات ئەجەل و من مردم
با لە شیوێ پەڕ و باڵی بردم
تۆ بڵێی پاشی نەمان ژینێ بێ؟
بۆ لەشی ساردەوە بوو تینێ بێ؟
تۆ بڵێی ئەو خەوە هەستانی بێ؟
یا نە ئەو قافڵە وەستانی بێ؟
مەرگە دێ و دوا بە هەموو شت دێنێ
هەموو ئاواتێ لە دڵ دەستێنێ
پاشەرۆکێکی بکەم لەم باخە
تاکوو باڵ و پەڕی من پەرداخە
هەر بڕۆم نابەڵەد و بێ سەر و شوێن
دیار نییە خێڵی هەڵۆیان لە کوێن
شارەزای ڕێگەی مردن کێیە
چییە ئەو مەنزڵە کوێنەی جێیە
نابمە ڕێبواری کەلی هات و نەهات
چارە کەم بەشکوو ئەوا هات و نەهات
خۆی بە خۆی گوت کە دەچم بۆ لای قەل
کەیخودای پیر و بەبیری گەلی مەل
هەڵفڕی ڕاوکەری زاڵی کەژ و کێو
لە چیای بەرزەوە ڕووی کردە نشێو
کەوتە ئەو دەشتە لە ترسا تەق و ڕەو
دەرپەڕی کوڕکوڕ و کڕ مایەوە کەو
هاتە لای قەل بە کزی و بێ وازی
قەل کوتی: مامە هەڵۆ ناسازی؟
کوتی قاڵاوە ڕەشەی پسپۆڕم
پیرم و پێیە لە لێوی گۆڕم
باخی ژینم بە خەزان ژاکاوە
کاتی مەرگە و ئەجەلیش ناکاوە
پێم بڵێ چۆنە کە تۆ هەر لاوی
زۆر بە ساڵ پیری بەڵام چا ماوی
هێزی ئەژنۆم نییە باڵ بێ هێزە
هەموو گیاندارێ ژیان پارێزە
قەل کوتی باشە کە گوێ ڕادێری
پەندی من پاکی بە دڵ بسپێری
ئەو دەمە بابی بەهەشتی من مرد
دوور لە تۆ دەرد و بەڵای ئێوەی برد
پێی کوتم ڕۆڵە هەوای ڕاز و نزار
هەیەتی دەرد و نەخۆشی بە هەزار
دیق و زەردوویی و ئاهۆ و وەرهەم
بە گژەی بای بەقەوەت دێن بەرهەم
گۆشتی کەو چەندە کە تامدارە بە ناو
هەنگ و هاڵاوێ دەهەنوێتە هەناو
تا وزەی بیر و خەیاڵ سەردەکەوی
کە لە گوڕ کەوتی وەها وەردەکەوی
پەین و پاڵێ کە لە پاڵی دێیە
مەنزڵی نۆکەری خۆتی لێیە
کەرە تۆپیو و کەلاکی گوێلک
هەڵمی دڵ ڕوون کەرەوەی سەرگوێلک
پێکەوە چینە بکەین لەو پەینە
بۆی سەنێر مەڵحەمی بیر و زەینە
ورد بەوە چەندە بە مانا قووڵە
مەسەلە و گفتی قەلی ماقووڵە
بیکە سەرمەشقی ژیان ئەو ئیشە
هەر لەسەر داری نەوی هەڵنیشە
هاتەوە بیری هەڵۆ ڕابوردووی
پاکی بووژانەوە یادی مردووی
گوڵ کرا ڕایەخ و پایەندازم
چەندە ئاژوا لەشی کێو ئاوازم
چەندە ڕوانیمە زەوی لەو بانە
کێو و دەشت لەو سەرەوە چەند جوانە
چەن چکۆلەن پەلەوەر لەو بەرزە
ئاخ کە چەن خوێڕی گرە ئەم عەرزە
چەندە ڕاوی کەو و کەوباڕم کرد
دوژمنی تاقمی شمقاڕم کرد
کۆلکەزێڕینە وەکوو تاقی زەفەر
ئاسمان بۆ منی بەست کاتی سەفەر
حەوتەوانان بوو میداڵی شەڕی من
چەندە شۆراوە بە خوێن شاپەڕی من
ئێستە بۆ وا ڕەبەن و داماوم
من هەڵۆ چاو لە دەمی قاڵاوم
سا کە ئەو کارە وەها ساکارە
مەرگە میوانی گەدا و خونکارە
هەوری ئاسمان بێ خەڵاتم باشە
یا لەشم خاشە بکێشن باشە
کوتی وا ژینی درێژ پێشکەشی خۆت
گۆشتی مندارەوە بوو هەر بەشی خۆت
ژینی کورت و بە هەڵۆیی مردن
نەک پەنا بۆ قەلی ڕوو ڕەش بردن
لای هەڵۆی بەرزە فڕی بەرزە مژی
چۆن بژی خۆشە نە وەک چەندە بژی