ئەی برا کوردەکانی ئاوارە
هاوار
لە کتێبی:
دیوانی بەختیار زێوەر
بەرهەمی:
فایق زێوەر (1908-1952)
2 خولەک
814 بینین
ئەی برا کوردەکانی ئاوارە
عەرزی ئێوە ئەکەم ئەم ئەفکارە
لە کوڵی دڵمەوە بەسۆزی جگەر
دێتە دەر ئەم سەدایی هاوارە
با هەموومان لە خاکی کوردستان
ڕێک بخەین کۆمەڵێکی غەمخوارە
غایەمان ئیتتیفاقی خۆمان بێ
میر و ئاغا غەنیی و بێ یارە
یەکدڵ و یەکزوبان و ئازابین
بۆ تەرەققیی وڵاتی بێچارە
ئەی براکانم، ئەی عەزیزانم
دڵ لە داخی وەتەن بریندارە
عەسری بیستەم جیهانی ڕۆشن کرد
کەچی بۆ ئێمە وەک شەوی تارە
عەیبە چاومان لە خوانی خەڵقی بێ
بۆ مڵ و مووشی نەفسی بێکارە
ئەجنەبی فائیدەی نییە بۆمان
بەڵکو وەک ئەژدەهای بریندارە
کورد لە سایەی کەسا بەپیاو نابێ
کێ بەتەنگ کێوەیە ئەوەش دیارە
ئێمە خۆمان ئەگەر مونەووەر بین
تێ ئەگەین دەورمان هەموو مارە
سەد ئەسەف بۆ هەموو بەجێ ماوین
سەد ئەسەف بووینە پیاوی ئەو خوارە
چەندە ناخۆشە لام نە نیمانە
نە حکوومەت، نە شاهی خونکارە
چەندە ناخۆشە لام لە گوێم نایە
دەنگی تۆپ، گرمەگرمی تەییارە
ئەوە بۆ چ والە ئێوە قەوماوە
جاهیل و دوودڵی حوکمدارە
وەرن ئەی لاوەکان دەخیلتان بم
دڵی میللەت هیلاک و بیمارە
زووبەزوو عیللەتی تەداوی کەن
وەک پڕۆفسۆر کە لەش ئەکا چارە
گەر نەجاتی نەدەن، ئەوا ئەمرێ
ئەم وڵاتە عەزیز و نازدارە
وەرن ئەی لاوەکانی کوردستان
پشتیوانمان خودایی جەببارە
سەربەخۆیی بخەینە بەرچاومان
یەک کەوین هەر کەسێ کە هۆشیارە
جەژنی میللی نزیکە بۆ ئێمە
نەک بەگوفتار، ئەویش بەڕەفتارە