کردەی زەمانە بردەیی لاوچاکی تیا نییە
تەماشایەکی زەمانە و ئەهلی زەمانە
لە کتێبی:
دیوانی بەختیار زێوەر
بەرهەمی:
فایق زێوەر (1908-1952)
3 خولەک
703 بینین
کردەی زەمانە بردەیی لاوچاکی تیا نییە
دوون پەروەرێکە ڕاست و ڕەوانی لەوا نییە
وەک پایەبەرزی ئێستە بەنووکی قەڵەم نییە
ئیقباڵ و دەوڵەمەندی بەڕەنج و دوعا نییە
کاکە بەنان و خوانی زەمان دەسخەڕۆ نەبی
نانێکی ئەو قڕانێ ئەکا بێ بەها نییە
وا چاکە تێک نەچیت و هەوات بەرز نەبێ برا
وەختێ سەرت بخاتە سەما بێ تەما نییە
دڵ ڕاگرە خەریکی خراپە و بەدی مەبە
گیان با نەبێ نموونەی ئیشت فەنا نییە
نامرێ ئەو کەسەی کە چاکەی جێهێشت لەسەر زەوی
مردوو کەسێکە کردەوە و ئیشی چا نییە
پەردەی زەمانە سەیرە لە فیکر و لە سینەما
وێنەی شریت و دیمەنی ناو سینەما نییە
دوێنێ ڕەزا ڕەزایی چ سووک بوو بەتاجەوە
ئیمڕۆش ڕەزای چ قورسە کە دوو ڕۆژە شا نییە
ڕەنگێکی ڕشتووە فەلەک ئەمڕؤ بەعالەما
ناچێتەوە چ بڵحە ڕەش و پیسی وا نییە
چاکە نەماوە عەهد و وەفا بووەتە گفتوگۆ
هەرکەس ئەبینی بێنە ئەڵێ جارێ ها نییە
عالەم ئەبینی هەڵپەیەتی و پارە مۆڵ ئەکا
تێربوون نەماوە، سواڵکەری ئێستە گەدا نییە
زۆرن لەوانە باخەڵی پڕ قەرز ئەکا بەڕۆژ
چاو برسێتی لە چاوی ژن و پیاو جیا نییە
ئای چەند برا و برادەری گیانیت هەیە کە بووت
پارەت نەبێ برادەریی و مەرحەبا نییە
هاوخوێنی خووەتە داوی وەهات بۆ ئەنێتەوە
تیا دەرنەچی بزانە براتە، برا نییە
باوەر مەکە بەخزم و کەس و دۆستی دڵفڕێن
تەنگانە بێتە پێشەوە خزمت لەلا نییە
تا شک بەرن بەڕاست و چەپا ماڵەکەت ئەخۆن
کاتێ نەبێ لە دوور و نزیک ئاشنا نییە
باوک مناڵی خۆی بەکەری سوخرە دائەنێ
ئەولادەکەش لە عاستی ئەوا بێ هەرا نییە
چاکیان ئەناسم ئەهلی زەمانە لە خیلقەتا
هەر چاوەڕوانی چاکەیەکم ڕووبدا، نییە
ئەو پیاوە کوانێ دەستی سەخای عالەمی ئەگرت
ئینسانی ئێستە شەرمی لە خەڵق و لە خوا نییە
هەر فیتنەیی و درۆیە لە بەینی ئەم و ئەوا
دڵسۆز نەماوە سێبەری عەدل و وەفا نییە
وا چارەنووس کە ئێمەی نووساند بەناسەوە
جارێ چوو چارەی لە دەسی تۆ و منا نییە
تف لەم ژیانە چونکە وەها دێ و بەسەر ئەچێ
تف لەم جیهانە جێگەی عەیش و سەلما نییە
لەم چەرخی بەدڕەوشتە خودایە هەزار ئەمان
ئەم ڕێیە چەوتە ڕێگەی ئەهلی هەوا نییە
فایقناسناوی ئەدەبی دەخیلە تووشی تەڵەی دەهری دوون نەبی
ڕەحمی بەکەس نەکردووە، بۆ تۆش وەها نییە
چاک بە و ڕەفیقیی ئەهلی زەمانە مەکە و بڕۆ
ڕۆژێکە کەس نەماوە بڵێن بێ خەتا نییە