ئەم ئادەمزادانە
لە کتێبی:
زەبری هۆنراوە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
2 خولەک
800 بینین
تازە خۆری بەیانی هەڵئەزنا
بۆ ئەم دیو کەژ بەناو دار و دەوەنا
تازە تەزووی ماندوێتیی ئەرکی دوێنێ
لە ئەژنۆوە ئەخزا بەرەو پەنجەی پێ
تازە دڕکی ڕەنجی دوێنێی بێوچان
هەڵئەوەری لە دەماری بازوو و شان
کە داسەکەی هەڵگرت و نانەبەرە
ورد ورد کشا بەرەو ئەو دەشت و دەرە
***
لەسەر سنگی لەتوپەتی خەرمانان
زامی پەنجە دیسانەوە هاتە ژان
ڕەنجی سەختی بە تەنیا هەر بۆ نانە
بۆ مناڵی ڕووتەڵە و بەسزمانە
***
کاتێ زەردە توایەوە ناو ئەو دیو شاخ
تاریک داهات دارستان و چەم و باخ
گەڕایەوە بۆ بەردەمی دیواخان
تا بزانێ چی هەیە کار و فرمان
کوڕی ئاغا پێی وت: بۆ چی وەستاوی
لەجێی خۆتا وشک ئەڵێی ڕواوی
ڕاکە خێرا مەسینە و لەگەن بێنە
تەمەڵ مەبە، چالاکی خۆت بنوێنە
ئەم نزمییە تا کەی سەپانی هەژار
گەمژە نەبی ئاوا ناکەی بۆ زۆردار
دوای ئەرکی ڕۆژ بۆ چی دێی هەڵئەوەستی
دیسان کەمەر بۆ کاری تر ئەبەستی
هەر بۆ نەختێ نان و چێشتی بەرماوە
دەستی سووکیت لەسەر کەمەرت ناوە
ورتە بکا یەکێکی وەک من بە دار
خپی ئەکەی لەسەر خاوەن زەوی و زار