باخی بەژن
لە کتێبی:
زەبری هۆنراوە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
2 خولەک
1011 بینین
تا چاو بڕکا دەشتی دەروون هەر گوڵ بوو
پەریی شادی و پێکەنین ئاشنای دڵ بوو
لەسەر پۆپەی دارگوڵی هۆنراوەی جوان
لەناو باخی شیرینی بەستەی نیان
لەژێر سایەی درەختی میوەی وشەم
هوزاری دڵ ئەیڕشت ئاوازی تاسەم
لەبەر تاڤگەی ئەگریجەی زەرد و خاوا
لەگەڵ شنەی پەپوولەی نیگای چاوا
لەناو ورشەی کانییاوی چاوی کاڵا
لە سێبەری گوڵزاری لێوی ئاڵا
لەسەر تەختی ناسکی بەفری سنگا
لە باوەشی بزەی وەکوو گزنگا
هەنگی چاوم خەریکی گوڵ مژین بوو
هەر گوڵێکم ئەدی لای من شیرین بوو
ڕووناکاییی شەوم تریفەی سنگ بوو
بەیانی من قووڵی مەیلەو گزنگ بوو
کۆرپەی عەشقی تازە گڕوگاڵ کردووم
خونچەی تامی ژینی تازە پشکوتووم
ئەویان گۆشی شیری پەریی جوانیی بوو
ئەمیان گەشی سروەی بای نیانی بوو
چاوی خۆزگەی نمی ئەسرین نەڕشتووم
دڵی تاسەی تامی خەفەت نە چەشتووم
هەر ئەگەڕان لەژێر چارشێوی ئەرزا
بۆ لەرەی لەش لە باخی بەژنی بەرزا
بۆ ئەو دەس و پەنجانەی سپی و نەرمن
بۆ ئەو کوڵم و چاوانەی گۆشی شەرمن
دەمێ کەژاڵ، باریکەلە و کەمەر تەنگ
دەمێ خرپن، گەنم ڕەنگ و شۆخ و شەنگ
دەمێ مناڵ، ناسک وەک بووکی ڕێواس
دەمێ کچی شۆخی ناو گوڵزاری ناز
تا چاو بڕکا دەشتی دەروون هەر گوڵ بوو
پەریی شادی و پێکەنین ئاشنای دڵ بوو
بەڵام مەلی تینووی سەرنجی جوانی
هەر تینوێتی نەشکا، هەر چەندێ ڕوانی
نە هۆنراوەش گەیشتە ئەو چیایە
کە کۆتاییی باسی دڵداری تیایە
دڵیش هەروا هەر چەندە گەردی پیری
یا تۆزی خەم، تۆزی ئاغری و ژیری
لێی نیشتبێ هێشتا هەر تەڕە وەک گوڵ
کەی تێر ئەبێ لە پەرستن عەشقی دڵ