مسی مەنوونە
لە کتێبی:
زەبری هۆنراوە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
2 خولەک
816 بینین
وەک گوێم مسی مەنوونەی تێ کرا بێ
وەک دەروازەی هەستم خڕ داخرا بێ
نە هاوار و نە لاڵانەوە و گریان
نە ئەگەین بە ناخی دڵ و بە گیان
وامئەزانی تاسەر ژین ئەبێ وا بێ
دوور لە خەفەت هەر شادیم بۆ لوابێ
وامئەزانی ئەبێ هەر بۆ خۆم بژیم
بەبێ ئەوەی بزانم من کێم و چیم
با هەزاران، ڕسوا و بێدەرەتان بن
با مناڵان هەژار و سەرگەردان بن
من کە دنیام بەهەشتێکی بەرین بێ
چوارچێوەی دڵ چەپکە گوڵی ڕەنگین بێ
با هەمیشە هەر بە خۆشیی خۆم مەست بم
بۆ بە خەمی ئەم و ئەو من دەربەست بم
بەڵام پاچ و پێمەڕەی کورد پەرەستیم
کەوتە وێزەی ژیانی بێدەربەست
هەنگاوم نا لەسەر ڕێگەی ڕەنجکشێان
بەرەو لووتکەی ترسناکی تێکۆشان
بەڵام ئەی داخ منی جاران بێدەربەست
ئێستە کە بووم بە مەشخەڵی بیر و هەست
منی ئێستە بێپەروا لە قوربانی
لەگەڵ هەژار برای گیانی بە گیانی
وەک بەتەنیا هەنگاو بنێم وەهایە
کەس لەگەڵما بەرەو ڕووناکیی نایە
ئەو کەسانەی هاوڕێگەمن وەک من نین
چاوچنۆکن هەر بۆ گیرفانیان ئەژین
هەش بەسەر و زەبوون ئەو هەژارانەن
کە چاوەڕێی ڕەنجی درۆی ئەمانەن