لۆمۆمبا
لە کتێبی:
زەبری هۆنراوە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
3 خولەک
804 بینین
گوڵە مینای زەردەخەنەی ناسک وەری بوو
باڵی وشەی خۆش و بەتام سڕ بوو تەزی بوو
لێو وشکی خەم، چاو بەتیری سام پێکرا بوو
دڵ بەچنگی زەبری سزا و ناسۆر گوشرا بوو
مناڵ سنگی ئەوەندە دی شەقار شەقار بوو
مەمکی دایکی لەبەر چاو کەوت لە شیر بێزار بوو
پشکۆی گەشی گوندی سووتاو کوڵمی مناڵ بوو
نێڵەنێڵی ئاگر تێکەڵ بە گڕوگاڵ بوو
پەنجەی زۆردار لە کوشتنی مناڵ و دایکا
کارامە بوو نیشانەکەی یەکسەر ئەپێکا
کاتێ گوللەی ڕۆڵەی کۆنغۆش کە گیزەی ئەهات
جووڵە نەبوو، بەرەی دوژمن خاو و کش و مات
پەڕەی وردی نێرگزی لێو سیس بوو ژاکا بوو
لێوی وشەی تەڕ و ناسک پێکا لکا بوو
گوڵ ئەگریا و دوا دڵۆپی شەونمی ئەڕشت
بۆ ئەو کوڵمەی خۆڵەمێش بوو لەسەر ڕووی ئەنیشت
بە ژیلەمۆ و بە دووکەڵی کۆرپەلەی سووتاو
ئەپۆشرا بەری چاوی کەژاڵی هەتاو
ڕەنجبەرەکان لەناو گەرووی سزا و مردنا
بەدیلێتی یا لە کۆڕی خوێناو ڕشتنا
ڕەنجبەرەکان بە برسێتی و ڕووتی و نەبوونی
شەونخونی و سزاکێشان کزی و زەبوونی
ڕەنجبەرەکان لەو کاتەدا ئەکران بە نیشان
بانگیان ئەکرد: بژی شۆڕش، بژی تێکۆشان
***
وشەی گەرمی لۆمۆمبا بوو لە گەرووی مەرگا
ئەبوو بە خۆر لەسەر لێوی لاوی بەجەرگا
تاڤگەی خوێناو لە هاژەیا یا چەمی ڕەنگ گڕ
ئەیوت بیری لۆمۆمبایە هێزی ئاگربڕ
لە ئاگر و لە ئاسن و لە زبری دوژمن
بەهێزترە، هێزی لەشە بۆ هەڵمەت بردن
پیاوێکی شەنگ، تەمەنی پڕ دنیا دییەیی
زمان شیرین، گفت و گۆ خۆش، نەرم و شێنەیی
ڕەنگی پێستی زەردباوێکی کەمێ مەیلەو ڕەش
دەم و لێوی وەک کۆنغۆییی خرپن، چاوی گەش
واتئەزانی جووتیارێکە قاڵ بووی ڕەنجی شان
سەربازێکی هەر وا سادەی ڕێگەی تێکۆشان
چونکە لای ئەو، ئەو زانایە لە خۆباییی بوون
خووی نزمیی بوو، بیری تاریک، نەک باوەڕی ڕوون
ئەو کە گیانی لەبەر گەلی لا خۆڕاییی بێ
ئیتر بەچی یا لەبەر چی لە خۆی باییی بێ
لۆمۆمبای بەرز لە پاش ئەوەی ئاگری خۆش کرد
کۆرپەی هیوای بە بارووت و بە خوێناو گۆش کرد
لەپاش ئەوەی خەوی دیلی لە میللەت زڕان
پەڕەی بیری نائومێدیی ڕابوردووی دڕان
لەپاش ئەوەی قارەمانی ڕەشی گیان پۆڵا
بەرەو کۆڕی تێکۆشانی ڕزگاریی جووڵا
خیانەتی پارەزادە، چرپەی گەیانە
داگیرکەری دوژمنی گەل، هێزی بێگانە
پەنجەی تاوان درێژ کرا بۆ زنجێکی دوور
وتیان ئەمشەو دێتە ئەوێ تیشکی بڕوای سوور
گیرا مانگی کەلی خەبات، لۆمۆمبای مەزن
بە وتەی ڕەش هەموو لەشی کرا دەرزیئاژن
هەردوو دەستی ڕەنجی سووری پەنجە بە پەنجە
بە بزماری گەورە، کامی کوڵ و گرنجە
بەسەر پشتی تەختەیەکا بزمارڕێژ کران
پێیان ئەوت بانگێ بدە بۆ جەنگاوەران
دەست هەڵگرن، چەک سەرەو خوار سەر دانەوێنن
هەر بەو جۆرە تۆ ئەمێنی و ئەوان ئەمێنن
لۆمۆمبای بەرز هەتا کوشتیان وتی پەنجەی من
هیچ نانووسێ لەبەر خواستی گڵاوی دوژمن
من ئەکوژن بەڵام گەلی کۆنغۆناوی تایبەتی تێکۆشەر
دەست ئەنێتە بینی ئێوەی ڕسوا و داگیرکەر