جوانیی ڕووت

لە کتێبی:
زەبری هۆنراوە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
 1 خولەک  1358 بینین
کراسی پەمەییی تەنک
کراسی پەمەییی تەنک
وەک پەڕەی گوڵ لە پاییزا
لەسەر گۆی مەمکی ئەخزا
هەراسان بوو کەمەری شل
لە سنگی گۆشنن و لە جل
نەرماییی قۆڵ، لامل و شان
بەو بەرگە نەرمە ئەڕووشان
مانگ چارشێوی هەوری لابرد
چرای زەردەخەنەی هەڵکرد
دەستی هێنا تریفەی گەش
کۆکاتەوە لە تیشکی لەش
گژوگیا سەریان دانەوان
لەدەوری پێ و پلی گەڕان
بە پریشکی گۆنای... ئاسمان
ئەستێرەی سنگی داگیرسان
پەڕەی گوڵ و نمی ئاورنگ
مژییان بۆنی عەتری سنگ
چرۆ و خونچەی جوان و ناسک
چاویان بڕییە گۆی مەمک
وتم ئەی کچۆڵەی نیان
لەوەدایە نرخی ژیان
کە دەم و لێو بگاتە دەم
بژاکێ ئەگریجە و پەرچەم