پێڵوو
بۆ عەلی شێرزادخانی بۆکانی و براکەی وتراوە کە جووتە قارەمانی ئێرانن
لە کتێبی:
زەبری هۆنراوە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
1 خولەک
811 بینین
لە پێڵووما مناڵی ورد
پەنایان بۆ برژانگ ئەبرد
ئەسرین کە لە چاوم تکا
یانزە قەنارەی تیا ئەشکا
ڕیزێ لاشەم لە پێڵووا
وەکوو درەختی گڕ ڕوا
لەپڕ نرکەی ژنێکی کورد
وەکوو ڕەشەبا هەڵیکرد
لقی داڵانی داتەکان
دوا بەری سامی لێ وەران
سەری دوو لاشەی نایە کۆش
دڵی مەرگی هێنایە جۆش
قیژانی و وتی ئەی زۆردار
کوا نیشانەی کۆڕی کوشتار؟
کوا خوێن لەسەر سنگ و ڕوومەت؟
بۆچی خنکانتانن بە پەت؟
لەبەر چی بە گوللە و بۆمبا
نەبوون بە گەردی چنگی با؟
***
لەپڕ پەنجەی ناسکی گەست
خوێنی گەشی ڕایەڵەی بەست
بەو خوێنە ڕووی کوڕی ڕەنگ کرد
وتی «بژی ڕووسووری کورد»