کچەکەی خۆی
لە کتێبی:
دیاری
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
1 خولەک
1082 بینین
گزنگ لە گەرووی کەژا
وەک ئاڵتوونی خاو ڕژا
کەژاوی ساردی بەگوڕ
ڕژایە شەخەڵی چڕ
پەردەی تەنک، ئاوریشمین
بە شەماڵ کەوتە لەرین
لە نوێنا تلایەوە...
تا گڕی کوژایەوە...
کچی هەژاری بێ نان
بەجێیهێشت تەلاری جوان
دوای ئەوەی گوڵی... گەنجی
لەناو نوێنێکا وەری
***
لە شەوا... دوای پانزە ساڵ
کچێکی جوانی چاو کاڵ
نیگای تا بڵێی شیرین
قژی زەردی ئاگرین
هەر ئەو کوڕە، ئەو دڵە
ئەو دەروونە.. بە کوڵە
ئەو شەیتانە دەسدارە
ئەو ڕاوچیی پارەدار
کچی گەیانە تەلار
ناو ژووری بریسکەدار
عروسی ئاوێنەبەن
ئینجا کوڕی دەوڵمەن
بەرگی شیتاڵ کرد لەپڕ
ماچی ئەکرد... گەرم و گۆڕ
لە سنگی شیرینەوە
چاوی ئاگرینەوە
گڕ هەڵئەسا بۆ تاسەی
گەرم ئەبوو هەناسەی
بەسەری برد شەوی سوور
بە بێشەرمی بێ... سنوور
«بەڵام ئەی پرشنگی کاڵ»
«ئاگات لێ بێ لە قەدپاڵ»
کچی خۆی بوو... نەیزانی
هی دۆستەکەی جارانی!