دیاری

لە کتێبی:
دیاری
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
 2 خولەک  1007 بینین
گریانی زۆر، هەناسەی سارد، ئەشکی خوڕ
خورپەی بزێو، نائومێدیی کوتوپڕ
لاڵانەوەی دڵی هەژار، هەناسە
خەمی دەروون، تینی ئاگری تاسە
ئەمانەیە و لەمان قووڵتر کە هەستێ
وەکوو گڕێک لە دەروون یان لە هەستێ
دیاریی دڵدار بۆ یارە نازدارەکەی
یا ڕازی گیان هی گیانە بێزارەکەی
بەڵام وا من کچی شۆخ، ئەی جوان و مەنگ
دیاریی خۆمت بۆ ئەنێرم ڕەنگاوڕەنگ
نە ئازارە نە فرمێسکی دڵ و چاو
نە سوێی برین نە هەڵڕشتنی زووخاو
دیارییەکەی من وردە، شیرین و تازە
گەرم و گوڕە، وەک شەپۆلی ئاوازە
نەختێ ورشەی ئێوارانی خۆرەتاو
بەسەر پەڕەی گوڵێکی ئاڵا پژاو
ئەو پرشنگە وەکوو ورشەی نیگای کاڵ
لەسەر ڕووی تۆ... ڕوومەتێک ناسک و ئاڵ
لەو کانییەی ڕەنگی بە شەو وەک زیوە
دڵۆپ دڵۆپ لەو شەپۆلەی تەزیوە
وەک شەونمی ئەو دوو لێوە ناسکە
کە پڕیەتی لە تاسە و لە ترووسکە
هەر وا نەختێک لە زەردەخەنەی شیرین
هی دەمی گەش یان کەلی ئاسمانی شین
لەم دیارییانە لای من کە ڕەنگینتر بێ
یا لەمانە جوانتر، نازەنینتر بێ
بەڵێنێکە کە شیرازەی ژیانی
من و تۆیە... هۆنیمەوە بە جوانی
سەرنجی ورد، قوڵپی ئەو ژێر گەردنە
بەژنێکی ڕێک... ئەو چەناگە خرپنە
چپەی نەرمت، لەرەی دەنگت لە گەروو
دڵیان پڕ کرد... لە تاسە و لە ئارەزوو
ئاوازەیەک.. یان لەرەیەک لە دەنگێ
یا ورشەیەک لە گۆنای شۆخ و شەنگێ
تەلی هەستیان وەک تۆ نە لەرزانووە
پەریی عەشقیان لە خەو هەڵنەسانووە