پەنجەی ژیان

لە کتێبی:
دیاری
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
 1 خولەک  1005 بینین
لە ژوورێکی ڕەنگاوڕەنگا
لە بۆشییەکی بێدەنگا
شەرمی پیرێتیی کۆچی کرد
بۆ سنگی سپیی دەستی برد
پرچی ڕژایە سەر مەمک
سەر سنگێکی گەرم و ناسک
باڵی لە کەمەری ئاڵان
ماچی تەڕ پەنجەی ئەلەرزان
وەکوو شەیتانی شەیدای ڕوو
دەمی لە ڕوومەتی ئەسوو
بە گەردنیا ئەهات تا سەر
بە ماچ.. هی ڕوومەت، دەمی تەڕ
ئەینواڕییە ڕەسمێکی جوان
وردەکاریی پەنجەی ژیان
نوێنی بۆ کرد بە چوارچێوە
شەوگاری لەگەڵ بڕیوە
گوڵی ئاواتی هەڵوەران
بە چی؟! بە پارەی نەختێ نان!
کچی مناڵی جوان... قژ زەرد
کچی نەشمیلانەی.. بێگەرد!
لە تەلاری ئاوێنەبەن
تا نەختێ کردی بە شیوەن
ڕۆشت..! بە زەلیلی بێ سرەوت
پیرەش! ڕووی کردە ناو مزگەوت!
وەکوو جاران نوێژی دابەست
کچ و کوڕێک بە گوزەرا
هاتن، جلی جوان لەبەرا!.
دوو فریشتەی دڵداری بوون
نەختێ بۆ گەشتی باخ ئەچوون
وتی: «ئای حەیا هەڵگیرا؟!»